رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپی کەبەرتووی سنووری پارێزگای دهۆک، لەسەر شەڕی چەند منداڵێک شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو، لە ئەنجامدا 13 کەس لە هەردوولا بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کەمپی کەبەرتووی تایبەت بە ئاوارەکانی شنگال، لەسەر شەڕی منداڵ، چەند بنەماڵەیەک بە شەڕ هاتوون و 13 کەس لە هەردوولا بریندار بوون."
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، کە شەڕەکە بە دار و بەرد بووە و هیچ چەکێکی تێدا بەکارنەهاتووە.
لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە پیردەیان جەعفەر گوتی: "دەستبەجێ بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و ئێستا تەندروستییان جێگیرە، کێشەکەش کۆمەڵایەتی بووە و چارەسەر کراوە."
کەمپی کەبەرتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و تایبەتە بە ئاوارەکانی قەزای شنگال، ئێستا زیاتر لە سێ هەزار خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێن.




