رووداو دیجیتاڵ
کارکردن بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب بەردەوامە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەهۆی هەندێک کاری تەکنیکی و یەکخستنەوەی هەندێک بانکەوە ئامادەکردنی لیستی مووچە دواکەوتووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول بەردەوامە، تیمەکانی وەزارەت کاری تێدا دەکەن تاوەکو بە زووترین کات تەواو بکرێ".
ئەو سەرچاوەیە گوتی:"لەبەر ئەوەی لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا سەرجەم کارەکانی دیکەی وەزارەت رادەگیرێن و هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە تاوەکو پڕۆسەکە بە رێکوپێکی و بە خێرایی بەڕێوەبچێ، ئەم مانگە ئامادەکردنی لیستەکە کەمێک دواکەوت".
ئەوەش لە کاتێکدایە، 15ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی ئاب دابەش کرا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی یەکخستنی هەندێک لە بانکەکان هەیە، بە جۆرێک هەندێک لە یەکە ژمێریارییەکان نەماون و یەکخراون، ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی کاری فەرمانبەرانی بانکەکان و چارەسەرکردنی کۆمەڵێک بابەتی تەکنیکییە، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نەناردنی لیستی مووچە.
لەبارەی کاتی ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی: "تەواوی هەوڵەکان بۆ ئەوەن لەم هەفتەیەدا لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب پێکەوە تەواو بکرێن. ئەگەر لەم هەفتەیەدا کارەکان تەواو بوون، ئەوا هەر ئەم هەفتەیە رەوانەی بەغدایان دەکەین. بەڵام ئەگەر تەواو نەبوون، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەنێردرێن."
مانگی رابردوو، لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران. هاوکات لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند، لە 15ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیش دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.



