رووداو دیجیتاڵ
لە سەنتەری شاری سلێمانی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا. بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتن دەڵێت، کەسێک گیانی لەدەست داوە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رووداوەکە ئاگادار کراینەوە، کە جگە لە گیان لەدەستدانی کەسێک، پێنجی دیکەش بریندار بوون".
رووداوەکە لە ئەندەرپاسی والی لە سەنتەری سلێمانی روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی تایبەت خۆی بە پاسێکدا کێشاوە.
پۆلیسی هاتووچۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 16 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ساڵی 2018ەوە تاوەکو مانگی ئابی 2025، لە هەرێمی کوردستاندا 21 هەزار و 646 رووداوی هاتووچۆ روویان داوە؛ بەهۆیانەوە 3 هەزار و 137 کەس گیانیان لەدەست داوە و 39 هەزار و 339 کەسی دیکەش بریندار بوون.



