رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی کوورانی عەنکاوەی هەولێر دەڵێ، بەهۆی تەقینی بۆری ئاو لە ژێر دیواری ماڵەکەیاندا دیوارەکان درزیان تێکەوتووە و مەترسیی رووخانیان لەسەرە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رەتی دەکاتەوە هێڵی سەرەکی بە ژێر دیواری ماڵاندا تێپەڕیبێت و ئاماژە بەوە دەکات، کێشەکە پەیوەندی بە تۆڕی نێوخۆی ماڵەکەوە هەیە.
شەماڵ ئیدریس، دانیشتووی گەڕەکی کوورانی عەنکاوە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی: "نزیکەی مانگێکە لە سێ شوێندا بۆری ئاو تەقیوە و ئاو چووەتە ژێر دیواری ماڵەکەمان. وەستام لەسەر ئەرکی خۆم هێنا و بڕی 225 هەزار دینارم خەرج کرد، بەڵام پێی گوتم بۆرییەکە هی تۆڕی گشتیی حکومەتە. بەهۆی لێچوونی بەردەوامی ئاوەوە، دیوارەکان شێدار بوون و مەترسیی رووخانیان لەسەرە."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، کێشەکە لە دوو شوێنی دیکەی هەمان کۆڵانیش هەیە و سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاویان کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.
ئەندازیار رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە وەڵامدا بۆ رادیۆی رووداو رەتیکردەوە تۆڕی سەرەکی هۆکار بێت و رایگەیاند: "هێڵی سەرەکیی ئاو بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە ژێر دیواری ماڵی هاونیشتمانییان. پەستانی ئاوی بۆری سەرەکی هێندە بەهێزە ئاستەنگ دروست دەکات، بۆیە ئەوەی لەو ماڵەدایە شکاوی سەرەکی نییە و رەنگە بۆری هاوبەشی خۆیان بێت."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە ئاماژەی بەوە کرد: "پێمان راگەیاندوون سەرەتا لەنێو ماڵی خۆیان بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی دزەکردنی ئاوەکە بکەن، ئەگەر دەرکەوت ئاوەکە لە دەرەوە و لە تۆڕی گشتییەوە دێتە ژوورەوە، ئەوا دەستبەجێ تیمی فریاگوزاری دەنێرین بۆ چاککردنەوەی."



