رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی رێکخستنی زیاتری پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو، ئیدارەی گەرمیان کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد، لەوانەش قەدەخەکردنی نۆرەگرتنی ئۆتۆمبێل لە وێستگەکاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 لیژنەی باڵای سووتەمەنی لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیداری کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان راپۆرتێکی لەبارەی دابەشکردنی بەنزین لە ماوەی رابردوو و ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی زستان (دابەشکردنی نەوتی سپی و کۆگاکردنی گازی شل) خستەڕوو.
دوای گفتوگۆکردن، لیژنەی باڵای سووتەمەنی ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسند کرد:
1. لە رۆژی یەکشەممە 04-10-2026ـەوە، نۆرەگرتنی ئۆتۆمبێل بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە؛ هەر شۆفێرێک نۆرە بگرێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
2. خشتەی دابەشکردنی بەنزین گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگیی قایمقامیەتەکان خشتەی رۆژانە دادەنێن و کاژێرێک پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە، ناوی وێستگەکان رادەگەیێندرێت.
3. هەفتانە یەک رۆژ بەنزین لە دوو وێستگەی سنووری ئیدارەی گەرمیان بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆدا دابەش دەکرێت.
4. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان رێکاری وردتر بۆ پرۆسەی دابەشکردن و رێکخستنی نۆرە دەگرێتەبەر و بڵاویدەکاتەوە.
5. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە پرۆسەی کۆگاکردنی گازی شل بۆ وەرزی زستان بەردەوام دەبێت.
6. ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی تەواو دەکرێن.



