رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە وەڵامی لێدوانەکانی محەممەد حاجی مەحموود لەبارەی پسوولەی کارەبای گوڵەخانە دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، قەرزەکە 76 ملیۆن دینارە نەک 100 ملیۆن، هەروەها ماوەی حەوت ساڵە پارەی کارەبای ئەو شوێنە نەدراوە.
رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، کۆی بڕی تۆمارکراوی کارەبای گوڵەخانە 76 ملیۆن دینارە نەک 100 ملیۆن، ئەم بڕەش تەنیا بۆ یەک هاوبەش نییە، بەڵکو هەشت هاوبەشی جیاوازی ماڵان، میری و کشتوکاڵی لەخۆدەگرێت.
بەپێی روونکردنەوەکەی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە، بەشێکی زۆری ئەم 76 ملیۆن دینارە قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکییە، چونکە دواین جار حەوت ساڵ لەمەوبەر پارەی کارەبای گوڵەخانە دراوە و بەشێکی بەرچاوی بڕەکە قەرزی کەڵەکەبووی ئەو چەند ساڵەیە.
کارەبای سلێمانی گوتی:"کەناڵی تەلەفزیۆنی و بارەگای سەرەکیی حیزبی سۆسیال دیموکرات لە سلێمانی قەرزدارن و بارەگاکەیان لە ساڵی 2002ـەوە پارەی کارەبایان نەداوە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانی کارەبا چەندین جار بۆ پشکنین و بەدواداچوون سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە، بەڵام بەردەوام رێگری لە تیمەکان کراوە. هەروەها دوای پشکنینی پسوولەکان، دەرکەوتووە هیچ هەڵەیەک لە بڕە تۆمارکراوەکاندا نییە و دەڵێ: "جێی داخە لەگەڵ بوونی ئەم هەموو زانیاری و راستییانەدا، گوڵەخانە بابەتەکە وەک نادادپەروەری باس دەکات."
ئەم روونکردنەوەیەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حیزبەکەی رایگەیاندبوو: "ئێمە لە گوندی گوڵەخانە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار پارەی کارەبامان بۆ گەڕاوەتەوە؛ گوناهمان چییە وامان لەگەڵدا دەکرێت؟"
هاوکات نووسینگەی محەممەد حاجی مەحموود ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە پارەکە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار بووە و دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای خورماڵ بە داشکاندنەوە کراوە بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار.
گوندی گوڵەخانە دەکەوێتە سنووری قەزای خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات و هێزەکانییەتی و لەو سنوورە کشتوکاڵیش دەکات.
چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا دەرفەتێکی دیکە وەک دوایین دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی کارەبا، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بە رێژەی 50%، پرۆسەکەش لە 24ی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو 18-10-2026 بەردەوام دەبێت.




