رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی باسرمەی سەر بە قەزای هەریر، چیرۆکی نیو سەدە لە سەختی و نەهامەتیی چوار خوشک و برای بەتەمەن بە گۆڕینی ژیانیان بۆ دۆخێکی باش و سەقامگیر کۆتایی دێت، دوای ئەوەی دەزگایەکی خێرخوازی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو بڕیاری دا خانووە وێرانەکەیان بۆ بڕووخێنێت و یەکێکی نوێیان بۆ دروست بکاتەوە و تەواوی کەلوپەلی نێوماڵیان بۆ دابین بکات.
لە گەڕەکی هەرکیان-ی ناحیەی باسرمە، چوار خوشک و برا بە ناوەکانی عەبدوڵڵا، مەناف، عەدالەت و هیدایەت، کە تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵیدایە، ساڵانێکە لە دۆخێکی سەخت و لەنێو ماڵێکی وێراندا دەژین کە شیاوی ژیان نییە. دایک و باوکیان کۆچی دواییان کردووە و هیچ کامێکیان ژیانی هاوژینییان پێک نەهێناوە، ئەمەش وایکردووە بە تەنیایی رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببنەوە.
عەبدوڵڵا رەسووڵ، گەورەی خوشک و براکانیەتی و تاکە ئیشکەری ماڵەکەیە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو گوتی: "لە خانوویەکی کۆن دەژین، سێ نەخۆشمان هەیە و هیچ مووچەیەکمان نییە. خانووەکە شەقی بردووە، زستانان ئاو بە دیوار دێتە خوارەوە و دڵۆپە دەکات و هاوینانیش پڕە لە مار و دووپشک کە مەترسیی لەسەر ژیانمان دروستکردووە."
عەبدوڵڵا، کە دۆخی تەندروستیی لەوانی دیکە باشترە، ناچارە بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانیان، وەک خۆی دەڵێت، "لە وەرزی هاویندا بچێتە گوندەکانی دەوروبەر بۆ زەکات و خێر" و ئەوەی دەستی دەکەوێت، دەیدات بە دەرمان بۆ خوشک و براکانی کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە.
ئەرکی چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی ماڵ لە ئەستۆی عەدالەتە، خوشکی عەبدوڵڵا. ئەو رۆژانە خواردن بۆ براکانی ئامادە دەکات و جلەکانیان دەشوات. عەدالەت، لە (بەرپرسیار) گوتی: "ئەو کارانەی نێوماڵ بە بەردەوامی قورسە، بەڵام ناچارم. کەس هاوکاریم ناکات."
عەدالەت، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی گرانیی نرخی دەرمانەوە، زۆرجار قەرزار دەبن. وەک خۆی دەڵێت، "هەر پاکەتێکی حەپ بە 8 هەزار دینارە و توانامان نییە بیکڕین." داواکاریی سەرەکیی ئەم خێزانە، هەبوونی خانوویەکی شیاو و مووچەیەکە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسوودەیی بژین.
دوای ئاگاداربوون لە دۆخی ئەم خێزانە، دەزگای ئیدریس سوورچی سەردانی کردوون و بڕیاری داوە کۆتایی بە نەهامەتییەکانیان بهێنێت.
بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگای ئیدریس سوورچی، لە (بەرپرسیار) گوتی: "ئاشنای دۆخی ئەو خێزانەین، دۆخیان زۆر خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە. دەستکەوتنی نانێکی رۆژانەیان ئەستەمە."
دەزگاکە بڕیاری داوە خانووە کۆنەکەیان بۆ بڕووخێنێت و خانوویەکی نوێ و سەردەمیانەیان بۆ دروست بکاتەوە. بەهێز سابیر، دەڵێت، "بڕیارمانداوە خانوویەکی نوێیان بۆ دروست بکەینەوە و تەواوی کەلوپەلی نێوماڵیشیان بۆ دابین بکەین. بۆ هەر یەکێکیان ژووری تایبەتیان دەبێت."
بە گوتەی بەرپرسەکەی دەزگای ئیدریس سوورچی، ئەوان هەوڵ دەدەن پێداویستییە پزیشکییەکانیشیان بۆ دابین بکەن و تاوەکو خانووەکەیان تەواو دەبێت، شوێنێکی کاتییان بۆ دابین دەکەن. ئەو گوتیشی، "هەوڵ دەدەین بەر لە هاتنی وەرزی سەرما، خانووەکەیان بۆ تەواو بکەین."
جگە لە دروستکردنی خانووەکە، دەزگاکە هاوکاریی مانگانەی خێزانەکەش بەردەوام دەکات، کە وەک بەهێز سابیر دەڵێت، "کەلێنێکی باشی ژیانیان پڕ دەکاتەوە."


