رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شەڕەتەقەی نێوان دوو بنەماڵە لە سنووری ناحیەی کەڵەکی پارێزگای دهۆک، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ کوژرا و دوو هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
بە گوتەی کەسوکارەکەی بۆ رووداو، ئەو گەنجەی کوژراوە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکەوە نەبووە و فیشەکی وێڵ بەری کەوتووە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 5:00ـی ئێوارە بووە. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە بەردەم پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر رایگەیاند، ئەو گەنجەی لە شەڕەکەدا گیانی لەدەست داوە ناوی (عەبدوڵڵا رەعد)ـە و تەمەنی 21 ساڵ بووە. ئەو هاونیشتمانییە لە کاتی شەڕەکەدا لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە و گوللەی بەر کەوتووە.
شێخ ئامر، خاڵی گەنجە کوژراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو باسی لە چۆنیەتیی رووداوەکە کرد و گوتی: "دوو بنەماڵە نزیکەی 8 مانگ دەبێت کێشە لە نێوانیاندا هەیە. خاڵۆزاکەی من هیچ پەیوەندییەکی بەم شەڕەوە نەبوو، بەڵام گوللەیەکی بەر کەوتووە."
خاڵی کوژراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "هەردوو لایەن کڵاشینکۆف و بی کەی سییان بەکارهێناوە. هەر لەو شەڕەدا 2 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام دۆخی تەندروستییان باشە و جێگیرە."
شێخ ئامر گوتی، تەنانەت لایەنە شەڕکەرەکان خەڵکی ناوچەکەش نین و گوتی: "ئەو دوو بنەماڵەیەی کە بە شەڕ هاتوون ماڵیان لە کەڵەک نییە، بەڵکو کێشە و شەڕەکەیان هێناوەتە ئەوێ."
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، دوای دەستپێکردنی شەڕەکە هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

