رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج رۆژدا نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان 10 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی هەولێر دەڵێ، نرخەکەی گەیشتووەتە 285 هەزار، بەڵام خواستی لەسەر نییە.
رۆژی شەممە، 3ــی تشرینی یەکەمی 2026 سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە بازاڕدا 285 هەزار دینارە، لە کاتێکدا پێنج رۆژ پێش ئێستا بە 275 هەزار دینار بوو".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "نەوت خواستی لەسەر نییە و هاونیشتمانییان زۆر کەم دەیکڕن".
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی هاونیشتمانییان خواستیان لەسەر کرینی نەوت نییە، سەرباز کەریم روونیکردەوە، ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات، ئەمەش وای کردووە هاونیشتمانییان نەوتی بازرگانی نەکڕن و چاوەڕێی دابەشکردنی نەوتی حکومی بن.
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر باس لەوە دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی ماڵان نرخی بەرمیلێک بۆ خوار 200 هەزار دینار دادەبەزێ.
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئاری ئەحمەد، یەکێک لە نەوتفرۆشانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "هەفتەی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت لە 265 هەزار دیناردا جێگیر بوو، بەڵام چەند رۆژێکە نرخەکە دە هەزار دینار بەرزبووەتەوە و ئێستا بە 275 هەزار دینار دەفرۆشرێ".
ئەو نەوتفرۆشە باسی لەوە کرد، هاونیشتمانییان چاوەڕێن هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەستپێبکات، هەربۆیە نایانەوێ نەوت بە گران بکڕن، ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر نەوتی بازرگانی کەم بێت.
هاوکات، سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پار لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەستیپێکرد. پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێکارەکانی ناردنی نەوت بۆ شارەکان دەستپێبکات".


