رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی قۆڕەتوو لە ئیدارەی گەرمیان، لە دەمەقاڵێی نێوان دوو هاوڕێ شەڕەتەقە دروستبوو و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون، تەقەکەرەکەش کە ئەفسەرە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە.
رۆژی شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی باریکەی سەر بە ناحیەی قۆڕەتوو، دوو کەس کە هەردووکیان خەڵکی ناحیەی سیروانن لە پارێزگای هەڵەبجە، بە مەبەستی سەردان چوونەتە گوندەکە، بەڵام لەوێ دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروستبووە.
سەبارەت بە شێوازی رووداوەکە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "یەکێکیان کە ئەفسەری پێشمەرگەیە تەقەی لە هاوڕێکەی کردووە و برینداری کردووە، دواتر لە دەستی دەرچووە و خۆیشی بریندار کردووە، هاوکات هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکەش کە بە مەبەستی ناوبژیوانی چووەتە نێوانیان، ئەویش بریندار بووە."
هەر سێ بریندارەکە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و تەندروستییان جێگیرە.
بەگوتەی عەقید سۆران محەممەد، لەلایەن پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، بە فەرمانی دادوەر تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.
تەقەکەرەکە لەدایکبووی ساڵی 1974ـە، دوو کەسەکەی دیکەش لەدایکبووی ساڵانی 1973 و 1977ـن.



