رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێ، لێکنزیکبوونەوەی نێوان لایەنەکان هەیە و ئێستا سەهۆڵبەندانی (نێوان پارتی و یەکێتی) لە توانەوەدایە.
رۆژی شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی کە هەیە، ئەو گفتوگۆیانە لە نێوان وەفدی باڵای هەردوولادا (پارتی و یەکێتی)، لە نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی، لەلایەن خەڵکانی دڵسۆز و پەرۆش بۆ لێک نزیکبوونەوەی لایەنەکان هەیە، ئێستا کەمێک ئەو سەهۆڵبەندانە لە توانەوەدایە. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم گفتوگۆیانە ئەنجامیان هەبێت و بگەنە کۆبوونەوەی لووتکە و لەوێش کۆتایی بەوە بهێنرێت."
سەعدی پیرە ئامادە نەبوو وادەیەک دەستنیشان بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی قۆناخی باشی بڕیوە. "بەو کۆبوونەوانەی کە دەکرێت، بەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێت لەسەر ئاستی جیا جیا، نیشانەی ئەوەیە کە بەستەڵەکەکە لە توانەوەدایە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ ترس و دڵەڕاوکێی ناوێ، "ئێمە هێزێکی پێشمەرگەی بەهێزمان هەیە، زۆر بەهێزتر لە ساڵی 2014، ئەوەش دەزانین کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیی سەربازیی لە عێراق دەکات، پێشمەرگەش بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و ئەو پشتیوانییەی بەردەکەوێ."
سەعدی پیرە گوتیشی: "نە داعش وەکو جاران بەهێزە و نە پێشمەرگەش وەکو ساڵی 2014 ماوە، بۆیە لە دەستێکی ئەمیندان و هیوادارین لەگەڵ سوپای عێراق پێکەوە؛ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزراوبن."



