رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە و کۆنەفرۆشانی رانیە دوای نزیکەی کاژێرێک و نیو هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵکرا؛ رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام شەش دووکانی بازاڕەکە سووتاون.
شەوی شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، حوسێن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی رانیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئاگرەکە هیچ زیانی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی مادیی بە شەش دووکان گەیاندووە، دوای نزیکەی کاژێرێک و نیو توانرا کۆنترۆڵ بکرێت."
سەبارەت بە دۆخی سەلامەتیی بازاڕەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی رانیە هۆشداریدا و گوتی: "ئەمە یەکەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕی لەنگەی رانیە، بەڵام شوێنەکە هیچ سەلامەت نییە و پێشتریش ئەم هۆشدارییەمان دابوو. بازاڕی لەنگەی رانیە سیستمی ئاگرکوژێنەوەی نییە و ئەوەی هەبێت تەنیا ئەو ئامێرانەیە کە خاوەن دووکانەکان خۆیان دایانناوە."
ئەمەش دوای ئەوە هات، کەمێک لەمەوبەر ئاگرێکی گەورە لەناو بازاڕی لەنگەی قەزای رانیە کەوتەوە و بەهۆی فراوانیی ئاگرەکەوە، زیاتر لە حەوت تیمی بەرگریی شارستانی بەشدارییان لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنیدا کرد.
ئەوکاتە عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" کاژێر 9:40 خولەک لە رووداوەکە ئاگرکەوتنەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە سەرەتا لە دووکانێکەوە سەریهەڵداوە و تەشەنەی بۆ دووکانەکانی دیکە کردووە."

