رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئامارەکانی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند، کە تێیدا نزیکەی 99٪ـی دەرچووان وەرگیراون و هێشتا دەیان هەزار کورسیی خوێندنیش بەتاڵن.
بەپێی داتاکانی وەزارەت، ئەم ساڵ کۆی گشتیی دەرچووان 40,716 قوتابییە، کە پێکهاتوون لە 30,847 دەرچووی زانستی، 7,923 وێژەیی، 706 نێودەوڵەتی و 1,240 دەرچووی پیشەیی. بۆ ئەم ژمارەیەش، کۆی گشتیی پلانی وەرگرتنی وەزارەتەکە بریتی بووە لە 65,324 کورسی. هەروەها کۆی ئەو قوتابیانەی فۆرمی وەرگرتنیان پڕکردووەتەوە 39,950 پێشکەشکار بوون، کە 32,739 قوتابییان دەرچووی ساڵی 2026 بوون و 7,211 قوتابیش دەرچووی ساڵانی رابردوو بوون.
لە کۆی پێشکەشکاران، ئەو قوتابیانەی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون ژمارەیان 39,052 قوتابییە. لەو ژمارەیە 32,422 قوتابییان دەرچووی ئەم ساڵن و 6,630 قوتابیش دەرچووی ساڵانی رابردوون. تەنیا فۆرمی 317 قوتابی رەتکراونەتەوە. بەمەش، ژمارەی ئەو کورسییانەی خوێندن کە بە بەتاڵی ماونەتەوە گەیشتووەتە 27,391 کورسی.
سەبارەت بە وردەکاریی وەرگیراوان بەپێی بەشەکان:
بەشی زانستی و وێژەیی: کۆی گشتیی وەرگیراوان 37,966 قوتابییە، کە 31,456یان دەرچووی ئەم ساڵن و 6,510 دەرچووی ساڵانی رابردوون.
خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان: 370 قوتابی لە کۆی 376 پێشکەشکار وەرگیراون. ئەوانەش دابەشبوون بەسەر 258 وەرگیراو لە سیستمی ئەمریکی، 84 وەرگیراو لە سیستمی بەریتانی و 28 وەرگیراو لە سیستمی فەرەنسی، ئەڵمانی و IB.
خوێندنگە پیشەییەکان: لە ساڵی 2026دا 901 پێشکەشکار هەبوون کە 716یان وەرگیراون و 185یان وەرنەگیراون، هاوکات 493 دەرچووی ئەم بەشەش هەر داواکارییان پێشکەش نەکردووە. سەبارەت بە دەرچووانی ساڵانی پێشووی ئەم بەشەش، لە کۆی 154 پێشکەشکار 120یان وەرگیراون.
لەبارەی چارەنووسی دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی مادەی 140)، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی ژمارەی قوتابیانی ئەو ناوچانە 2,700 قوتابییە. بەهۆی ئەوەی داتاکانیان لە بەغداوە دواکەوتبوو نەیانتوانیبوو فۆرم پڕبکەنەوە، بەڵام وەزارەت دڵنیایی دەدات کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردنیان بۆ دەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە کە قوتابیان دەتوانن لە هەمان سایتی پێشوو کە (regayzanko.com)ـە، ئەنجامی وەرگرتنیان ببینن.

