رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتبارێک لە دهۆک دەستگیرکرا دوای ئەوەی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی مێرمنداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتی بڵاوکردەوە.
پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجەیان دەستگیرکردووە کە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت (داون سیندرۆم) و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستگیرکراوە.
رووداوەکە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و بووە هۆی وروژاندنی پرسیاری یاسایی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی سۆشیال میدیا لە هەرێمی کوردستان.
لە دوو رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا مێرمنداڵێک بە ناوی رێمان ئازاد، تەمەن 16 ساڵ، دەردەکەوێت کە پەتێکی لەمل بەستراوە و لە پشتی ئۆتۆمبێلێکی پیکابەوە بەستراوەتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا، دەنگی پێکەنینی چەند کەسێک دەبیسترێت و یەکێکیان بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت، "با بزنی خۆم ببەستمەوە،" ئەمەش وا لە رێمان دەکات لاسایی دەنگی بزن بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتباری سەرەکی کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە، گەنجێکی تەمەن 27 بۆ 30 ساڵانە و دانیشتووی گەڕەکی نزارکێیە لە دهۆک، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی خێزانی لەگەڵ رێماندا نییە.
کەسوکاری رێمان، کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری رووداوەکە بوون، رایانگەیاند زۆر نیگەران و تووڕەن. برایەکی رێمان لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداودا گوتی، "براکەم خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ناتوانێت قسە بکات تاوەکو پێمان بڵێت کێ ئەو کارەی لەگەڵ کردووە. دایک و باوکم ڤیدیۆکەیان بینیوە و باری دەروونیان زۆر تێکچووە."
هەروەها گوتیشی، "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئەو کەسە بێویژدانانە بگەیەننە سزای خۆیان. ئێمە لە هیچ کەسێک خۆش نابین، تەنانەت ئەگەر نزیکترین کەسیشمان بێت، سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین." ئەو داوای کرد نەک تەنیا تۆمەتباری سەرەکی، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی ئەشکەنجەدان و تۆمارکردنی ڤیدیۆکەدا ئامادەبوون، دەستگیر بکرێن.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، "هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، تیمەکانی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیان تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن."
سلێمان سندی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانیش، بە رووداوی گوت، تیمێکی تایبەتی دەستەکەیان لە دهۆک سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە و ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان وروژاندەوە.
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، لە (بەرپرسیار) روونیکردەوە کە رێنماییەکی نوێ بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستانەوە، پەسندکردنی دواکەوتووە.گوتیشی: "رێنمایی پێشووتر لە ساڵی 2023 بەهۆی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە راگیرا، چونکە ترسی ئەوەی لێدەکرا ئازادیی رادەربڕین سنووردار بکات."
شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن، چاپ و بڵاوکردنەوە، بۆ رووداو، ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی ئەوان تەنیا بەسەر کەناڵە فەرمییەکاندا هەیە و هیچ کۆنترۆڵێکی تەکنیکی یان یاساییان بەسەر سۆشیال میدیادا نییە، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە تاوانانە دەکەوێتە ئەستۆی پۆلیس و داواکاری گشتی.


