رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر مەرجێکی نوێ بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری رادەگەیێنێت و هۆشداری دەداتە شۆفێران کە پێویستە ناوی خاوەنی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی سووتەمەنی هاوتا بن. بەگوێرەی ئاگادارییەکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر کە ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، سەرجەم شۆفێران ئاگادار کراونەتەوە کە لە کاتی وەرگرتنی بەشە بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیکراودا، دەبێت کارتی نیشتمانی و کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان ببەنە بەنزینخانەکان. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "پێویستە ناوی سیانی لە هەردوو کارتەکەدا وەک یەک بێت؛ بە پێچەوانەوە ئەگەر ناوەکان جیاواز بن، بەنزین بە شۆفێرەکە نادرێت." بڕیارەکە لە رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. حاجی هۆگر، خاوەنی زنجیرەی بەنزینخانەکانی هۆگر لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پابەندی بڕیار و رێنماییەکانین." سەبارەت بە چارەسەری قەرەباڵخیی بەنزینخانەکان، حاجی هۆگر ئاماژەی بە پێشنیازێکی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد و گوتی: "پێشنیازم کردووە بەشە بەنزینی مانگانەی هەر بەنزینخانەیەک بەسەریەکەوە بدرێت، بۆ نموونە 10 رۆژ لەسەریەک هەموو رۆژێک بەنزین بە بەنزینخانەیەک بدرێت تاوەکو خەڵک ئاسوودە بێت و راکردن نەمێنێت، دواتر 10 رۆژی دیکە نۆرەی بەنزینخانەیەکی دیکە بێت، بەمەش هاووڵاتی دەزانێت لە چ رۆژێکدا روو لە کوێ بکات."
هەواڵە ناوخۆییەکان05-10-2026لە فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک؛ بە بەهای 363 ملیۆن دینار بەرهەم فرۆشرا
هەواڵە ناوخۆییەکان05-10-2026وەزیری پەروەردە: خانوویەک بۆ دوو منداڵەکەی سەیدسادق دەکڕین و دەیانخەینەوە بەر خوێندن