رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "سەردانە دیپلۆماسییەکەی" پارێزگاری هەڵەبجە بۆ پۆرتسمۆسی بەریتانیا کۆتایی هات و هەڵەبجە و ئەو شارەی بەریتانیا دەبنە دەستەخوشک.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، بە یاوەریی شاندێکی رەوەندی کوردی بە جیا لەگەڵ محەممەد عەبدولقادر، پارێزگاری پۆرتسمۆس و کریس ئاتوێڵ، سەرۆکی کۆمیتەی دەستەخوشکیی پۆرتسمۆس لە بەریتانیا کۆبووەوە بۆ زەوینەسازیی کۆتایی و پەسەندکردنی بڕیاری بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شاری هەڵەبجە و پۆرتسمۆس.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندیی مێژوویی سەدەیەک لەمەوبەر و وێنە مێژووییەکەی عادیلە خانم و ئەفسەرە بەریتانییەکانی ساڵی 1919 وەکو هێمای دۆستایەتی پێشکێشی پارێزگاری پۆرتسمۆس کرا".
لە سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، پارێزگاری هەڵەبجە سەردانی زانکۆی پۆرتسمۆسی کردووە و راگەیاندنی پارێزگا دەڵێت، سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان بووە و گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی پردی پەیوەندیی زانستی و ئاڵوگۆڕی خوێندکاران کراوە بۆ ئەوەی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بتوانن لەو زانکۆیە درێژە بە خوێندن بدەن.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، نوخشە ناسیح و شاندی یاوەری سەردانی پارکی یادگاریی هەڵەبجەیان لە پۆرتسمۆس کرد. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "وەکو وەفایەک یادی (براین)ـی کۆچکردوو کرایەوە، کە رۆڵێکی سەرەکی لە بنیاتنانی پارکەکەدا هەبووە".



