رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، گیانلەدەستدانی سەنعان هەنارەیی کردەوەیەکی تاوانکاری نەبووە، بەڵکو بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش دەستگیرکراوە.
درەنگی شەوی یەکشەممە، لە گوندێکی سنووری ناحیەی بەستۆڕە لە پارێزگای هەولێر، سەنعان هەنارەیی بە سەختی بریندار بوو و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە گیانی لەدەستدا؛ دوای رووداوەکە دەنگۆی کوژرانی بڵاوبووەوە.
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای بەدواداچوونی ورد بۆ گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییە، دەرکەوت کە کوشتن و کردەوەی تاوانکاری نەبووە، بەڵکو بارهەڵگرێک لێی داوە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هۆکاری بڵاوبوونەوەی گومانی کوشتنەکەی روونکردەوە و گوتی: "شۆفێری بارهەڵگرەکە دوای ئەوەی لێی داوە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە، بۆیە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە قوربانییەکە کوژرابێت؛ بەڵام لەلایەن ئاسایشی بەستۆڕەوە شۆفێرە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان رادەستی پۆلیسی هەولێر دەکرێت."
سەنعان عەبدولڕەحمان، ناسراو بە "سەنعان هەنارەیی"، لەدایکبووی ساڵی 1981 بوو، لایەنگری بەرەی گەل بوو، لە ڤیدیۆکانیدا لاهوور شێخ جەنگی وەکو سەرۆکی خۆی ناودەبرد. دوای گیانلەدەستدانیشی حیزبەکە داوای لێکۆڵینەوەی وردی لە کەیسەکە کردبوو.
پێشتر سەمەد عەبدولڕەحمان، برای سەنعان بە رووداوی گوتبوو کە برای کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە و گومانی ئەوەیان هەبووە کە براکەی بە چەقۆ یان ساتوور کوژرابێت، بەڵام بەپێی بەڵگەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست داوە.



