رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە شاری هەولێردا، بەهۆی ئەوەی ویستوویانە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندان بکەن، دەستگیرکرا.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، کارۆخ عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستاندا، بە رووداوی گوت: "کەمێک لەمەوبەر مامۆستا عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی دەستەی مامۆستایانی گرێبەست لە شاری هەولێردا، دەستگیرکرا."
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "بەشێک لە مامۆستایانی گرێبەست لە شاری هەولێردا بەنیازبوون ئەمڕۆ دژی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندان بکەن، دەستگیرکردنەکەشی پەیوەندیی بەوەوە هەیە."
شەوی رابردوو، 21ـی تشرینی دووەم، عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "سبەی یەکشەممە کاژێر 10 میتۆدی خۆپیشاندان لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەخوێنینەوە."
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئاگاداری دەستگیرکردنی عەلی رەئووف نین."



