رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، قۆناخی تۆمارکردن دەستیپێکرد. ئەم ساڵ، زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە 5710 خوێندکاری نوێ دەکات و زۆربەی پرۆسەی تۆمارکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەبات.
لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 37966 خوێندکار لە زانکۆکان وەرگیران. د. سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین بەشداریی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کرد، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، زانکۆکەیان لە قۆناخەکانی کۆتایی بەئەلیکترۆنیکردنی هەموو کاروباری خۆیدایە، "ئەم ساڵ 5710 دەرچووی پۆلی 12ی لە 17 کۆلێژ و 89 بەشی ئەکادیمی وەرگرتووە. ئەم ژمارەیە بەپێی بەشە زانستی و وێژەییەکان دابەشکراوە. پێشبینی دەکەین ژمارەکە بگاتە سەرووی 6000 خوێندکار، چونکە دوای وەرگرتن، خوێندکاران دەتوانن داوای گواستنەوە و دابەزین بکەن."
د. سامان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، فۆرمێکی ئەکادیمی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەکراوە، "خوێندکاران دەتوانن راستەوخۆ لەسەر ماڵپەڕی زانکۆ کارەکانیان بکەن. دوای تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی، دەبێت سەردانی تۆماری کۆلێژەکانیان بکەن بۆئەوەی کارە پێویستەکان تەواو بکەن." خوێندکاران دوای پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی، دەبێت کۆپییەکی ئەسڵیی بڕوانامەکانیان، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و وێنەیەک کە دەستکاری نەکرابێت، لەگەڵ خۆیان ببەنە کۆلێژ.
پۆرتاڵی "دەروازە": هەموو خزمەتگوزارییەک لە یەک شوێندا
هەروەها، ئەم ساڵ زانکۆ پۆرتاڵی "دەروازە"ی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان کارا کردووە. لە رێگەی ئەم پۆرتاڵەوە، کاروبارەکانی وەک تۆمارکردن، ئامادەبوون، بابەتی وانەکان و تۆماری نمرەکان بە تەواوی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبن. د. سامان عەبدوڵڵا جەختی کردەوە، "ئیدی هیچ شتێک بە کاخەز نامێنێت."
6 ناوەندی تەندروستی بۆ ئاسانکردنی پشکنینەکان
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتن پشکنینی پزیشکییە. بۆ ئاسانکردنی ئەم پرۆسەیە، زانکۆی سەلاحەدین 6 ناوەندی تەندروستیی کاتیی لەنێو کۆلێژەکاندا کردووەتەوە. گوتەبێژی زانکۆکە روونیکردەوە، "ئەم ناوەندانە بێبەرامبەرن و تاوەکو کۆتاییی پرۆسەی وەرگرتن کراوە دەبن. ئەگەر خوێندکارێک پێویستی بە پشکنینی زیاتر بێت، راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەی زانکۆ دەنێردرێت." جۆری پشکنینەکان بەپێی کۆلێژ و بەشەکان دەگۆڕێت. بۆ نموونە، بۆ ئەو بەشانەی مامۆستا پێدەگەیێنن، پشکنینی قسەکردن دەکرێت و بۆ کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی پشکنینەکان فراوانترن. ئەگەر دوای پشکنین دەرکەوت خوێندکارێک بۆ بەشێک گونجاو نییە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا، شوێنێکی دیکەی گونجاوی بۆ دەدۆزرێتەوە.
بەشێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی "گەشتوکاڵ"
د. سامان عەبدوڵڵا ئەوەی دووپاتکردەوە، زانکۆی سەلاحەدین هیچ بەشێکی دانەخستووە و ئەم ساڵ بەشێکی نوێ بەناوی "گەشتوکاڵ" لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان کراوەتەوە، کە کشتوکاڵ و گەشتیاری پێکەوە گرێ دەدات.
هەماهەنگی لەگەڵ بازاڕی کار بۆ دۆزینەوەی هەلی کار
زانکۆ بەردەوام پرۆگرامەکانی بەپێی بازاڕی کار نوێ دەکاتەوە؛ لەوبارەیەوە د. سامان عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، "مانگێک لەمەوبەر، سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا گەورەکان کۆبووەوە و داوامان لێکردن شێوازی کاری خۆیانمان بۆ بنێرن، تاوەکو بتوانین خوێندکارانمان بەپێی ئەوە پەروەردە بکەین." بەپێی قسەی د. سامان، ناوەندی پەرەپێدانی پیشەیی (CDC)ی زانکۆ بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووان، "ساڵی رابردوو لە رێگەی ئەم ناوەندەوە بۆ زیاتر لە 1000 دەرچوو هەلی کار دۆزراوەتەوە."
بەشە ناوخۆییەکان بۆ 4000 خوێندکار ئامادەکراون
دەربارەی مانەوەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی هەولێرەوە دێن، د. سامان عەبدوڵڵا رایگەیاند، دوو بەشی ناوخۆیی فەرمی هەن: بەشی 18ی شوبات بۆ کچان و بەشی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین بۆ کوڕان، "ساڵانە نزیکەی 3500 تاوەکو 4000 خوێندکار لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە. هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکارە نوێیەکان کراوە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک لەبارەی شوێنەوە دروست نەبووە. ئەگەر پێویست بکات، زانکۆ باڵەخانەی دیکەش بە کرێ دەگرێت."



