رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، بڕیارە ئەمشەو شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی 11 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10 بباتە بەغدا و سبەی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات.
رۆژی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم و تەرازووی پێداچوونەوەی تشرینی یەکەم لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تەواو کراون، لەلایەن شاندێکی وەزارەت رەوانەی بەغدا دەکرێت.
سەرچاوەکەی رووداو دەڵێ، بڕیارە سبەی بە فەرمی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێ. دوای رادەستکردنی لیستەکە، رێکارەکانی وردبینی لە بەغدا دەستپێدەکەن.
سەبارەت بە هۆکاری زوو ئامادەکردنی لیستەکە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "لیستەکەمان زووتر ئامادە کردووە تاوەکو زووتر مووچە بنێردرێت."
پێشتر لە رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
دواتر لە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بەغدا شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نارد و رۆژی 8ـی مانگ دابەشکردنی دەستیپێکرد و پاش چوار رۆژ کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.




