رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەک و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی دەرەوەی شەقامی بازنەیی کەرکووک، بەتایبەت گەڕەکی گاردن ستی، نیگەرانیی خۆیان لە خێرایی لەڕادەبەدەری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەردەبڕن و دەڵێن، گیانی خوێندکارەکانیان لە مەترسیدایە. قایمقامی ناوەندی کەرکووکیش رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هاتووچۆ رێگەچارەیەک دەدۆزنەوە.
مەسعود جەبار، دانیشتووی کۆمەڵگەی گاردن ستی بە رووداوی گوت، "لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگەکەمان و چەند کۆمەڵگەیەکی دیکەدا خوێندنگەی ناوەندی و ئامادەیی نین، ناچارین رۆژانە منداڵەکانمان بنێرینە نێو گەڕەکەکانی وەک ئیسکان و ئازادی. لەکاتی پەڕینەوە و سووڕانەوەیان لە یوتێرنەکانی سەر شەقامی بازنەیی، بارهەڵگرەکان بە خێراییەکی زۆر (زیاتر لە 120 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا) تێپەڕ دەبن و هیچ حیسابێک بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک ناکەن، لەم دواییانەشدا بەهۆی ئەم تیژڕەوییەوە سێ کەس لە نزیک هەفتەبازاڕ گیانیان لەدەستداوە."
ئەو هاونیشتمانییە داوای کرد لە نزیک یوتێرنەکاندا رێوشوێنی تایبەت دابنرێت بۆ ئەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان کەم بکرێتەوە، تاوەکو مەترسی لەسەر گیانی منداڵەکانیان دروست نەبێت.
لە بەرامبەردا، ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "لەبەر ئەوەی شەقامی بازنەیی رێگەیەکی خێرای دەرەکییە، لەڕووی ئەندازیاریی هاتووچۆوە دروست نییە تاسەی کۆنکرێتیی لەسەر دروستبکرێت، بەڵام دانانی تاسەی پلاستیکی یان دانانی کامێرای چاودێری و هۆکاری خاوکردنەوە لە بەرامبەر یوتێرنەکاندا چارەسەرێکی گونجاوترە."
قایمقامی کەرکووک گوتیشی، "لەسەر ئەم بابەتە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک قسە دەکەم، تاوەکو لە رێگەی دانانی هۆکارەکانی خاوکردنەوەی خێرایی، سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانییان و خوێندکاران بپارێزرێت."



