رووداو دیجیتاڵ
گرووپێک لە گەنجان و ئەندازیارانی شاری هەولێر، لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەستیان بە راپرسییەکی مەیدانی کردووە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵەکانی جەنجاڵیی هاتووچۆ و خستنەڕووی چارەسەری ئەندازیاری بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
رامان کەنعان، ئەندازیاری شارستانی و رێکخەری راپرسییەکە بە رووداوی گوت، "پڕۆژەکە هەوڵێکی خۆبەخشانەیە و نزیکەی سێ مانگە کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەکەین. لەم هەفتەیەدا فۆرمێکی تایبەتمان بڵاوکردووەتەوە کە رێگە بە هاونیشتمانییان دەدات راستەوخۆ شوێنی قەرەباڵخییەکان دیاری بکەن، وێنە و ڤیدیۆ بنێرن و پێشنیازی خۆیان بنووسن؛ تاوەکو ئێستاش 600 بۆ 700 کەس کە بەشێکی زۆریان خوێندکارانی زانکۆ و کەسانی ئەکادیمین، بەشدارییان تێدا کردووە."
ئەو ئەندازیارە روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی قۆناخی کۆکردنەوەی داتاکان، وەک ئەندازیارانی پسپۆڕ لە ئەندازیاریی ترافیک (Traffic Engineering) و پلاندانانی شار، شیکاری بۆ خاڵە جەنجاڵەکانی هەولێر دەکەن، بەتایبەت "رێگەی کەسنەزان، شەقامی 60 مەتری و ناوچەکانی پێنجی حەسارۆک."
سەبارەت بە چارەسەرە پێشنیازکراوەکانیش، رامان کەنعان گوتی، "کار لەسەر خستنەڕووی بژاردەی نوێ دەکەین، لەوانەش سیستمی پاسی خێرای گواستنەوە (BRT)؛ دواتر راپۆرتە زانستییەکە بە شێوەیەکی فەرمی پێشکێشی پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین تاوەکو سوودی لێوەربگرن."
رێکخەری راپرسییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دەرگای پڕکردنەوەی فۆرمەکە دانەخراوە تاوەکو زۆرترین هاونیشتمانی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەشدار بن، هاوکات داوا لە میدیاکان دەکات هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی فۆرمەکە، بۆئەوەی نموونەی ئامارەکە فراوانتر و وردتر بێت.
کلیک بکە بۆ بینینی فۆرمی راپرسییەکە



