رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هەولێر بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە.
لە روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، رۆژی شەممە، فالح فەیاز سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بەتایبەت پرسەکانی بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان.
سەبارەت بەو زانیارییانەی لە بەشێک لە میدیاکانەوە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن، دەنگۆی ناڕاست و هەڵبەستراویان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە کە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە لە کۆبوونەوەکاندا هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە گفتوگۆ، لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش و لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن.



