رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون راگەیاند کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی خالسی پارێزگای دیالە داواکراو بوو.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکەکانی بنکەی پۆلیسی پیرەمەگروونی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، تۆمەتبارێکی داواکراویان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی خالسەوە فەرمانی گرتنی هەبوو.
بەگوێرەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 298 لە یاسای سزادانی عێراقی گەیشتە دادگای لێکۆڵینەوەی پیرەمەگروون، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان دەستیان پێکرد و توانرا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێ.
تۆمەتبار ناوی (ج، ع، ج) و لەدایکبووی ساڵی 1996ـە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پیرەمەگروون و بە هەمان مادەی یاسایی راگیراوە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانیش، رادەست دادگای لێکۆڵینەوەی خالس دەکرێت.



