رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ هاونیشتمانییان، هۆکاری کوژانەوەی کارەبای لە چوار دۆخدا دیاریکرد و رایدەگەیێنێت، تاوەکو 18ـی مانگ کارەبابڕین لەسەر قەرزی کۆن نییە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێخۆشبوون، قەرزە کۆنەکان دەکرێنە قیست.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی:"رۆژانە هەندێک ماڵ کارەبایان دەکوژێتەوە، بەهۆی یەکێک لەم دۆخانەی خوارەوەیە و بۆ ئەوەی تووشی کارەبابڕین نەبن روونی دەکەینەوە کە "دوای دەرچوونی پسوولەی مانگانە و دوای 50 رۆژ لە دابەزینی لە سیستمی (ئیندرا) و (ئی-پسوولە)، ئەگەر هاوبەشەکە پارە نەدات کارەباکەی دەکوژێتەوە؛ هەرکات پارەکەی دا لە 24 کاژێردا کارەباکەی دەگەڕێتەوە. لە دۆخی هەڵنەبوونەوەی کارەباکەیشی، پێویستە پەیوەندی بە ژمارە 1992ـەوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە کە پارەی کارەبای رادەستکردووە تاوەکو راستەوخۆ لە رێی سیستمەوە یان بە سەردانی تیمی تایبەت کارەبای بۆ هەڵبکرێتەوە".
لەبارەی دووەمین هۆکاری بڕینی کارەبا بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتی:"ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە پێوەری زیرەکیان هەیە و لینک نەکراوە، تیمێکی تایبەت سەردانیان دەکات بۆ لینککردن، ئەگەر لە ماڵ نەبوون پسوولەی ئاگادارییان پێدەدرێ و پێویستە پەیوەندی بە ژمارە 1992ـەوە بکەن، هاوکاریی تیمەکان بن بۆ ئەوەی کارەبایان نابڕدرێ، بەپێچەوانەوە دەبڕدرێت".
ئەو شوێنانەی کارەبایان هەیە بەڵام بە فەرمی هاوبەشیی کارەبایان نەکردووەتەوە. بە گوتەی کارەبای سلێمانی:"ئەوانیش کارەبایان دەکوژێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی بە فەرمی هاوبەشی دەکەن".
وەک بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای سلێمانی دەڵێ:"ئەو شوێنانەی کارەبایان سواپە (واتە بە هەڵە لینکی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە و لەگەڵ ماڵێکی دراوسێ تێکەڵاوبوون روویداوە)، دوای سەردانیکردن کێشەکەیان چارەسەر دەکرێ و کارەبایان هەڵدەبێتەوە."
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان، کارەبای سلێمانی گوتی: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە تاوەکو ئێستا کارەبابڕین لەسەر پارەی قەرز نییە، بەڵکو تەنیا لەسەر پارەدانی مانگانەیە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون کە لە 18-10-2026 کۆتایی دێ، قەرزی کۆن دەکرێتە قیستی مانگانە و وەردەگیرێتەوە و هەمان ماوەی 50 رۆژی پارەدانی مانگانەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و کارەبا دەکوژێتەوە."
بەڕێوەبەرایتییەکە دەشڵێت: "بەردەوام رۆژانە تاوەکو کاژێر 12ـی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵکردنەوەی کارەبای ئەو ماڵانەی نەتوانراوە لە 24 کاژێردا بۆیان هەڵبکرێتەوە."
رێنمایی بۆ ئەوەی کارەباکەت نەبڕدرێ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە بڕینی کارەباکەیان بکەن، کۆمەڵێک هەنگاو بگرنە بەر و دەڵێ:"مانگانە لەکاتی خۆیدا پێش ئەوەی کارەباکەت ببڕدرێت، پارەی کارەباکەت بدە، هەروەها سەیری پسوولەی کارەباکەت بکە ئەگەر بە پێوەری کلاسیک پارەت بۆ دێتەوە و پێوەری زیرەکت هەیە، خۆت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکە تاوەکو پێوەرەکەت بۆ لینک بکرێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی گوتیشی:"ئەگەر کارەبات هەیە و هاوبەشیت نییە، پێش ئەوەی تووشی بڕینی کارەبا ببیت، بە فەرمی هاوبەشی بکەرەوە بۆ ماڵ، دووکان، باخ یان هەر جۆرە پۆلێکی دیکەی کارەبا."
رۆژی 23ی ئەیلوولی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا دەرفەتێکی دیکە وەک دوایین دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی کارەبا، بۆئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بە رێژەی 50%، پرۆسەکەش لە 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.



