رووداو دیجیتاڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، سووتاندنی پەڕێز و پاوان لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر دووکەڵێکی زۆری دروستکردووە و دانیشتووانی ناوچەکەی هەراسان کردووە؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێریش هۆشداریی سزادانی تووند دەداتە سەرپێچیکاران. ڕێبین حوسێن، دانیشتووی گوندی سێبیران لە سنووری قوشتەپە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سووتاندنی پەڕێزی زەوییەکان دوای دروێنە بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام. دووکەڵێکی خنکێنەر گوندەکانی گرتووەتەوە و ژیانی لێ تاڵ کردووین، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی هەناسەتەنگی و رەبۆیان هەیە مەترسیی گەورەیە؛ لە کاتێکدا جووتیاران دەتوانن لەجیاتی ئاگرتێبەردان، زەوییەکانیان بکێڵن." کشتوکاڵ: جووتیارانی سەرپێچیکار بێبەش دەکرێن هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی گوت : "لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە ئاگاداریی تەواومان داوە کە سووتاندنی پەڕێز بە تەواوی قەدەخەیە، چونکە زیان بە کەرتی ئابووری، زیندەوەرە سوودبەخشەکانی نێو خاک و ژینگەی ناوچەکە دەگەیێنێت." سەبارەت بە سزاکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر هۆشداریدا و گوتی: "بە هاوکاریی یەکە ئیدارییەکان لیژنەی بەدواداچوونمان پێکهێناوە؛ هەر جووتیارێک زەوییەکەی بسووتێنێت، ناوی لە پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی داهاتوو دەردەهێنرێت و لە تەواوی ئاسانکاری و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بێبەش دەکرێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان07-10-2026لە گەرمیان مۆڵەتی شۆفێری بۆ نابیستان و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دەردەهێندرێت