رووداو دیجیتاڵ
بینای قوتابخانەیەکی تەواونەکراو لە گەڕەکی 5ی حەسارۆکانی شاری هەولێر، بووەتە شوێنی سەگی بێلانە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێریش دەڵێت، بە نووسراو داوای بودجەیان بۆ تەواوکردنی بیناکە کردووە.
دانا حاتەم، دانیشتووی گەڕەکی 5ی حەسارۆکان، بە رادیۆی رووداوی گوت: "نزیکەی حەوت ساڵە لەم گەڕەکەدا دەژیم، بینای ئەم قوتابخانە تەواونەکراوە چەندین ساڵە بەمشێوەیە بەجێهێڵدراوە و بووەتە شوێنی سەگە بێلانەکان؛ هەروەها هەندێک مێرمنداڵ لەوێ ئاگر هەڵدەکەن کە ئەمەش دراوسێکانی بێزار کردووە و ترس و دڵەڕاوکێی لای خێزانەکان دروستکردووە."
لوقمان سەعید سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان بەتەواوی لە کێشەکە ئاگادارن و گوتی: "ئەم بینایە یەکێکە لەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست کارکردن تێیدا وەستاوە، بەوجۆرەش چەندین بینای دیکەی قوتابخانە لە سنووری هەولێر تەواو نەکراون؛ هەر کاتێک پارەی پێویست دابین بکرێت، دەستبەجێ دەست بە تەواوکردنیان دەکەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە و پارێزگای هەولێریان لە دۆخی ئەم بینایە ئاگادار کردووەتەوە و گوتیشی: "قوتابخانەکە 18 پۆلییە و دوای تەواوبوونی، بەپێی پێداویستیی گەڕەکەکە بڕیار دەدرێت کە بۆ کام قۆناخی خوێندن (سەرەتایی، ناوەندی یان ئامادەیی) تەرخان بکرێت."
.webp&w=3840&q=75)
