رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، یەکشەممەی داهاتوو کامێراکانی سەرپێچیی تیژڕۆیی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان کەلار و دەربەندیخان دەکەونە کار.
هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 02-11-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "سەرجەم شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە کە یەکشەممە 08-11-2026 کاژێر 10:00ـی بەیانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی نێوان دەربەندیخان و کەلار بە هەردوو ئاراستەکەیەوە دەکەونە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن".
سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو لە رێگەکە 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، بەڵام لەنێو ناحیەی باوەنوور 60 کیلۆمەترە و لە چەند گوندێکیش دەبێتە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، لە هەردوو سایدەکە 28 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی دانراون؛ هەر سایدێک 14 کامێرا.
رێگەی نێوان کەلار - دەربەندیخان زیاتر لە ساڵێکە کراوەتە دووساید.
یەکشەممە 07-06-2026 کامێراکانی سەرپێچیی تیژڕۆیی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی کەوتنە کار.
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارە و لە شوێنێک دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانییانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان.
لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچیی خێراییی تیژڕۆیی دانراون.
.webp&w=3840&q=75)

