رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ، شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
نێچیرڤان هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "دوو برینداری ڕووداوەکە گەیێندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گۆلان؛ هەردووکیان فیشەکیان بەرکەوتووە، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستییان جێگیرە."
شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا بووە کە ئامۆزای یەکدین. لەوبارەیەوە سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە رووداوی گوت: "شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروستبووە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بارودۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە."
ئەم پێکدادانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە سنووری قەزای ئاکرێ سێ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.


.webp&w=3840&q=75)

