رووداو دیجیتاڵ
راکێشانی بۆری گاز بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ لە سلێمانی دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان دەڵێ، هەموو کارگەکان رازین بە راکێشانی بۆری گاز کە کۆمپانیایەک لە سلێمانی و کۆمپانیایەکیش لە هەولێر و دهۆک جێبەجێی دەکەن.
رۆژی 02ـی تشرینی دووەمی 2026، پشتیوان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری رایگەیاند، دوو کۆمپانیا کارەکان جێبەجێ دەکەن کە یەکێکیان بۆری گاز دەگەینێتە کارگەکانی هەولێر و دهۆک و ئەو دیکەشیان بۆری گاز بۆ کارگەکانی سلێمانی رادەکێشت.
پشتیوان حەمە سەعید گوتی، پڕۆژەکە لە سلێمانی دەستیپێکردووە، گازی کۆرمۆر بە 62 کلیۆمەتر دەگەیندێرێتە ناوچەی بازیان، چونکە پیشەسازییە گەورەکان لەو ناوچەیەن.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەولێر، پشتیوان حەمەسەعد گوتی: "نەخشەی پڕۆژەکە ئامادەکراوە، چاوەڕێی وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانین پەسندی بکات".
سەرەتای ئەم ساڵ هەردوو کۆمپانیای دانە گاز و نەوتی هیلال (کریسنت پێترۆلیۆم) گرێبەستێکی10 ساڵەیان واژۆ کرد بۆ دابینکردنی گاز بۆ کارگەکان.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە 142 ملیۆن پێ گازی سێجا بە پێنج کارگەی چیمەنیتۆ لە سلێمانی و کارگەیەکی ئاسن لە هەولێر دەدرێ.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، کارگەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دانەگاز تەواو کردووە و هەموویان رازی بوون گاز وەربگرن، بەڵام دەبێت سیستمی کارپێکردن بگۆڕن.
باسی لەوەشكرد، راكێشانی بۆری گاز بۆ کارگەکان لەگەڵ ئەوەی کاریگەری لەسەر پاکبوونەوەی ژینگە دەبێت، هاوکات دەبێتە هۆکارێک بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنانی نێوخۆیی و دەرەکی.
رونیشکردەوە، بەکارهێنانی گاز کاریگەری گرنگی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت کە سیستمی کارکردنیان بۆ گاز دەگۆڕن.
کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن نەوتی رەش بەکاردێنن کە لە رابردوو حکومەتی عێراق بە نرخی پاڵشتیکراو تۆنی بە 150 هەزار دینار پێدەدان.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان، 12 زەوی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ شاری پیشەسازی دابینکراون، بەڵام تەنیا دوو پڕۆژەیان مۆڵەتیان پێدراوە کە یەکێکیان لە سلێمانی و ئەو دیکەشیان لە دهۆکە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکان، 404 کارگە لە هەرێمی کوردستان هەن کە 12 پڕۆژەیان کارگەی شیشن کە بەرهەمیان 5 ملیۆن تۆنی ساڵانەیە و حەوت کارگەی چیمەنتۆش هەیە کە ساڵانە 19 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت



.webp&w=3840&q=75)