رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانی چاندنی دانەوێڵەی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دراوەتە بەغدا و لەسەر ئەو پلانە هەوڵ دەدرێت گەنمی زیاتر لە جووتیاران وەربگیرێت.
د. قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پلانی چاندن تەواو کرا و رەوانەی بەغدا کراوە، لە پلانەکەدا بڕی ئەو زەوییانە بە وردی دراوەتە بەغدا کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە دەیچێنن".
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان شیاون بۆ چاندنی گەنم، لەو بڕە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆنمیان دێمییە و ئەوی دیکەی بەرئاوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "لەم رۆژانەدا لیژنەی تایبەت بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی دەکات، ئامانجی وەزارەتمان ئەوەیە ساڵی داهاتوو گەنمی زیاتر لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و وەزیری کشتوکاڵیش لە سەردانیدا بۆ بەغدا کاری لەسەر ئەو خاڵە کردووە".
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دانرا و تۆنی بە 700 هەزار دینار بوو، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا و تۆنی بە 500 هەزار دینار.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم ساڵ گەنمی زیاتری جووتیاران لەنێو پلاندا وەربگیرێت. د. قارەمان قادر گوتی: "حکومەتی عێراق بەگوێرەی پلانی چاندن و بڕی باران بڕشتی گەنم دیاری دەکات، کۆتایی وەرز دیاری دەکات کە چەند باران باریوە و هەر دۆنمێک چەند بەرهەمی هەبووە و لەسەر ئەو بنەمایە گەنم وەردەگرێت و پشکی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات".
چاندنی گەنم ئەم ساڵ دەستی پێنەکردووە، پێشبینیی کەشناسان بۆ بارانی پەڵە و چاندن ئەوەیە، کە لەم مانگەدا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بارانی پەڵە ببارێت و چاندنی گەنم دەستپێبکات.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2025 کەمی کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن.



