رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی چاوەڕوانکراوی باران بەگوێرەی پێشبینییەکان گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ کەشناسی دەڵێت، لە سنووری پارێزگەی دهۆک بارانبارین دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ دەگاتە تەواوی ناوچەکان. کەشناسێک پێشبینی دەکات، بارانی پەڵە بێت و دووشەممە کۆتایی بێت.
رۆژی هەینی، 06-11-2026، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆ کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە شەودا هەندێک کات باران بەشێوەی لێزمەباران و هەورەبرووسکە دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە".
سبەی هەرێمی کوردستان باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆرینەی ناوچەکان دەبارێت و هەندێک کات لێزمەباران دەبارێت، ئەوەش بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کردووە: "سبەی پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت بەتایبەت لە سنووری پارێزگەی سلێمانی و دەوروبەری پارێزگەی هەولێر".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەپۆلی بارانی گشتگیر و سەرتاسەری دەگات؛ شەپۆلەکە زیاتر بارانی بەخوڕە و هەورەبرووسکەی بەهێزی لەگەڵدایە".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، لەم شەپۆلەدا لە زۆرینەی ناوچەکان پەڵە دەدات و جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندن بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، دووشەممە شەپۆلی باران کۆتایی دێت.
پلەی گەرمای سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ نزیکەی سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
پیرمام: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی



