رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی بارانی زۆر و لێڵبوونی ئاوەوە لە سەرچاوەکانییەوە دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە شاری هەولێر راگیرا، بەڕێوەبەری ئاو دەڵێ، ئاوی بەشێکی هەولێر ئاسایی بووەتەوە و ئەمڕۆ بەشەکەی دیکەش ئاوی پێدەگات.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ خرانەوە کار و پەمپەکانی ئاو دەستیان بە ناردنی ئاو بۆ گەڕەکەکان کردەوە".
پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو بۆ هەولێر جگە ئیفرازەکان، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریشە، کە دابینکردنی ئاوی بەشێکی زۆری هەولێری لە ئەستۆدایە.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ: "دۆخەکە تەواو بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و تاوەکو پێش نیوەڕۆ پڕۆی ئاوی فریاگوزاریش دەکەوێتەوە کار و ئاو رەوانەی گەڕەکەکانی سەر پڕۆژەکە دەکرێتەوە".
شەوی شەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ، ئاستی لێڵبوونی ئاوی رووبار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک کە لە توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتندا نەماوە بۆ پاککردنەوەی ئاو و کارکردنی وێستگەکان راگیراون.
بارانبارینی 7ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر لافاوی لێکەوتەوە، بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا، زیانی مادیی و ژینگەیی زۆری لێکەوتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بارانەی لافاوەکەی دروستکردووە لە هەولێر 70 ملیمەتر بووە.

.jpg&w=3840&q=75)

