رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لەمڕۆوە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە. کەشناسێک پێشبینی دەکات، چەند رۆژێک کەش سەقامگیر بێت، بەڵام هەر ئەم مانگە شەپۆلی دیکەی بارانبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە: "ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان بەهۆی بەرزەپەستانی باکوورەوە سارد و ساماڵ دەبێت. ئەگەری کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە و نیوەڕۆ کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشوهەوای سبەی کردووە و رایگەیاندووە: "ئاسمان ساماڵ و تەنکەهەوری بەرز دەبێت".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو لەمڕۆوە بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات: "رۆژانی داهاتوو کەشوهەوا سەقامگیر بێت، پلەی گەرما چی دیکە هاوشێوەی پێشوو بەرز نابێتەوە و لە نزمیدا جێگیر دەبێت و شەوان کەشەکە ساردتر دەبێت. پێشبینی بۆ شەپۆلی نوێی بارانبارین لە رۆژانی داهاتوودا نییە، بەڵام لەم مانگەدا شەپۆلی دیکەی بارانبارینمان دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێ؛ هەروەها پلەی گەرمای سبەی "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی
دهۆک: 14 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی
پیرمام: 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: شەش پلەی سیلیزی


