رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان داوا دەکات "خەمخۆران" چاو بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بخشێننەوە و لایەنە سیاسییەکان پێکەوە چالاکی بکەنەوە.
چوارشەممە 04-11-2026 بە بەشداریی 52 پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لایەن و پەرلەمانتاری دیکە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد، رۆژێک دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رەتکردەوە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی رایگەیاند: "لەم دەقەیەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە..هەموو هێزمان بەکاردەهێنین خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە بۆیان بکەین".
سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی (گەڕان بەدوای رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیی نوێی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەدەچێت، بۆ شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و لەبارەی دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "بێگومان ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ دڵی هەموو دۆستێک ناڕەحەت دەکات، چونکە پڕۆسەی پێکەوە ئاشتی و پێکەوە کارکردن و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری وا نابێت".
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی گوتی: "ئێمە پێش دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر هەنگاومان نا و گوتمان یەکلایەنە نابێت و پێکەوە هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی لە بەغدا و لای دۆست و ناحەز قسەمان یەک بێت، تاڕادەیەک هەنگاوی بۆ نرا و ئومێدمان پەیدا کرد، بەڵام دیارە گرفت هەیە، بەداخەوە کە ئەو هەنگاوەیان نا. هەنگاوی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دڵی ئێمە و خواستی ئێمە نەبوو، زووتریش گوتوومانە یەکلایەنە هەڵەیە".
سەلاحەدین بەهادین داوا دەکات کە "دڵسۆزان و خەمخۆران چاو بەو بڕیارەدا بخشێننەوە [کە پەرلەمانی پێ کاراکراوە] و پێکەوە پەرلەمان چالاک بکەنەوە، پێکهێنان بەو شێوازە تاکلایەنە هەڵەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان باسی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و گوتی: "پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان و چارەسەری ئەو گرفتانەی 40 بۆ 50 ساڵە لە ناوچەکەدا هەن گرنگە، بڕیارێکی ئازایانەیە کە دەوڵەت، هێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان هەنگاویان بۆ ناوە".
سەلاحەدین بەهادین ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوەکان بۆ پڕۆسەی ئاشتی خاون و گوتی، قسەکانی ئەمڕۆی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا بۆ پڕۆسەی ئاشتی ئومێدبەخش بوون و گرنگە هەمووان پشتیوانیی پڕۆسەکە بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)