رووداو دیجیتاڵ
ئەندازیارێکی بەرپرس لە وەزارەتی کارەبا دەڵێ، کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار مێگاواتی ماوەتەوە و بە نۆرە دابەشی سەر شار و گەڕەکەکان دەکرێ.
شەوی رابردوو هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
ئەندازیارێکی بەرپرس لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش هێرشەکەی شەوی رابردوو کارەبای بەرهەمهێندراو لەنێوان 3500 بۆ 3800 مێگاوات بوو. ئێستا زیاتر لە 2500 مێگاوات کەمبووەتەوە و نزیکەی هەزار مێگاوات ماوەتەوە".
بەگوتەی ئەو ئەندازیارەی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ وەک تاقیکردنەوە هەر چوار کاژێرێک جارێک کارەبای نیشتمانی دراوەتە گەڕەکەکان لە شارە جیاوازەکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی کارەبای بەرهەمهێندراو نییە، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی بڕەکەوە کێشەی تەکنیکیی و ڤۆڵتیی دیکە دروستبووە کە ناتوانرێ وەکو پێویست سوود لەو هەزار مێگاواتەش وەربگیرێ کە لە بەردەستدایە".
شەوی یەکشەممە 08-11-2026 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "کاژێر 11:00ی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی کۆرمۆر هێرشی کرایە سەر، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە".
ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەبا گوتی: "تاوەکو ئێستا روون نییە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت دەتوانین چەند کاژێر کارەبای نیشتمانی بدەین، چونکە دەبێت لانیکەم 24 کاژێر بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕێ بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنان بەو ڤۆڵتییەی کە بەردەستە بزاندرێ".



.jpg&w=3840&q=75)