رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە راگیراوانی بەشی گرتن و گواستنەوەی راپەڕین گلەیی لە کەمیی خواردن و نەبوونی پاکوخاوێنی لەنێو گرتووخانەکەدا دەکەن؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدارەی راپەڕینیش وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە و دەڵێت، رۆژانە سێ ژەمە خواردنیان پێدەدرێت و پێداویستییەکانیشیان بەردەوام دەشۆردرێن.
بەشێک لە راگیراوانی بەشی گرتن و گواستنەوەی راپەڕین لە ناحیەی سەرکەپکان بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، شوێنەکەیان پاکوخاوێن نییە و جێگەی خەوتنیان نەشیاوە، ئەمەش بووەتە هۆی نەخۆشی، هەروەها ئاماژەیان بە کەمیی ژەمە خۆراکەکانیان کرد.
بەڵام عەمید جەبار خدر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە؛ لەو گرتووخانەیە 15 رۆژ جارێک سەرجەم بەتانی و پێداویستییەکانی خەوتن بە تەواوەتی دەشۆردرێن و پاکدەکرێنەوە، هەروەها راگیراوان بە رێکوپێکی سێ ژەمە خواردنیان بۆ دابین دەکرێت و هیچ کێشەیەکی لەو جۆرەمان نییە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد، خۆی بەردەوام و 15 رۆژ جارێک بە مەیدانی سەردانی گرتووخانەکە دەکات و لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرێت، گوتیشی: "سروشتی گرتووخانە دیارە کە وەک ماڵ نییە و سەختیی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین خزمەتگوزاریی شیاویان پێشکەش بکەین."
سەبارەت بە ژمارەی ئێستای گیراوەکانیش، عەمید جەبار خدر گوتی: "ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، ژمارەی راگیراوان 85 کەسە؛ بەپێی قۆناخی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان لە دادگەکان، کەفالەت یان سزادانیان، ژمارەکە دەگۆڕێت و لەنێوان 75 بۆ 110 راگیراودا بەرز و نزم دەبێتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


