رووداو دیجیتاڵ
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک، بەرنامەی "بەرپرسیار"ی لەنێو گەڕەکە زیانلێکەوتووەکانی لافاوی هەولێر پێشکێش کرد. رۆژی دووشەممە، 09-11-2026، تیمی بەرنامەکە لە گەڕەکی گوڵان بوون، کە نزیکەی 30 ماڵ بەهۆی ئەوەی لە ئاستی شەقام نزمترن، ئاو تاوەکو بنمیچی خانووەکانیانی گرتبووەوە و تاوەکو ئەو رۆژەش خەڵکەکە سەرقاڵی دەرهێنانی قوڕاو بوون لە ماڵەکانیان.
چیرۆکی زیانلێکەوتووان: لەدەستدانی هەموو شتێک لە چەند خولەکێکدا
سەردار، یەکێک لە زیانلێکەوتووان، لە (بەرپرسیار) گوتی: "لە بەیانیی زووەوە بە غەتاس (پەمپی ئاو) ئاو لەنێو خانووەکەم دەردەهێنین، کە نزیکەی دوو مەتر لە ئاستی شەقام نزمترە. هیچ شتێکم بۆ دەرنەچووە." ئەو ئاماژەی بەوەشدا، لە هەندێک لەو خانووانەدا سێ خێزان پێکەوە دەژین و ئێستا خێزانەکەی لە ماڵی ئامۆزایەکی نیشتەجێن.
شاباز، خاوەن ماڵێکی دیکە، باسی لە ساتەوەختی هاتنی لافاوەکە کرد و گوتی: "سەرەتا ئاو بە هێواشی هات، دواتر لە پڕ ئاستی ئاو بەرزبووەوە. جلشۆر، تەباخ، کەوەنتەر و هەموو کەلوپەلی مەتبەخ تیاچوون. تاخمی دانیشتن و نووستنیش رۆیشتن." شاباز کە تەنیا توانیبووی هاوژین و منداڵەکانی رزگار بکات، گوتیشی کە دەفتەر و پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵەکانی، کارتی نیشتمانیی هاوژینەکەی و مۆبایلەکانیشیان لەگەڵ ئاوەکەدا رۆیشتوون.
سروود، کە کرێچییە و مانگانە 150 هەزار دینار دەدات، بۆ دووەمجارە لافاو زیانی پێدەگەیەنێت. ئەو کاتی لافاوەکە لە ماڵ نەبووە و هاوژین و منداڵەکانی لەلایەن دراوسێیەکەوە لە خنکان رزگارکراون. سروود بە شەهیان تەحسینی گوت: "هاوژینم قوڕاو چووبووە قورگی و نزیکبوو لە خنکان. سێ منداڵی قوتابیم هەیە و هەموو کەلوپەلی قوتابخانەیان رۆیشت. ناسنامەکانمان و هەموو شتێکی نێوماڵمان رۆیشت."
چیرۆکی قارەمانێتی و لەدەستدان
رێکار، کوڕی رێباز، گێڕایەوە کە چۆن لە ماوەی 10 خولەکدا هەموو شتێکیان لەدەستداوە و باوکی دوای رزگارکردنی ئەوان، بۆ یارمەتیدانی دراوسێکانیان چووە و بەهۆیەوە قاچی شکا. رووزار، کچی رێباز، بە دەم فرمێسکەکانییەوە بۆ شەهیان تەحسینی باسکرد، کە چۆن باوکی بە سۆندەیەک لە نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەیانەوە، بۆ پەنجەرەی خوارەوەی ماڵەکەیان رزگاری کردوون.
کامەران و چیرۆکە تراژیدییەکەی
کامەران، کە کوڕی شەهیدێکی شەڕی داعشە، لە کاتی لافاوەکەدا پیکابەکەی کە تاکە سەرچاوەی بژێوی بوو، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی محەممەد رەسووڵ، دەکەونە نێو لافاوەکەوە. کامەران رزگاری دەبێت، بەڵام محەممەد گیان لەدەستدەدات. لە بەرنامەکەدا، خێرخوازێک بە ناوی ئالان ئەنوەر شکور، بەڵێنی کڕینی ئۆتۆمبێلێکی نوێی بە کامەران دا.
زیانی دامەزراوەکان و هەوڵەکان
مزگەوتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی
شێخ عیرفان موفتی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە لە (بەرپرسیار) باسی لەوە کرد، کە زیانێکی زۆری ماددییان بەرکەوتووە، لەوانە تیاچوونی زیاتر لە 150 قورئان و 50 دەستنووس. لەگەڵ ئەوەشدا، تیمێکی مزگەوتەکە زیاتر لە 12 کەسیان لە خنکان رزگارکردووە.
دەزگای رۆشنبیریی نووری حیکمە
سەفین عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگاکە لە (بەرپرسیار)، زیانی دەزگاکەیانی بە زیاتر لە 20 دەفتەر دۆلار (200 هەزار دۆلار) خەمڵاند و گوتی 5 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێبیان بەتەواوی ژێرئاو کەوتوون.
بەرگریی شارستانیی هەولێر
عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی، لە (بەرپرسیار) رایگەیاند، کە تیمەکانیان زیاتر لە 100 کەسیان رزگارکردووە و نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلیان لەنێو ئاودا دەرهێناوە.
مانگی سووری عێراقی
بێستوون ئیسماعیل، بەرپرسی ژووری قەیرانەکان لە لقی هەولێر، لە (بەرپرسیار) پێشبینی کرد زیانەکان لە 8 ملیۆن دۆلار زیاتر بێت. "تاوەکو ئێستا لە بازاڕی لەنگە 225 دووکان، لە شێخەڵڵا 120 دووکان، لە بازاڕی تەیراوە 75 دووکان و لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد 167 خێزانی زیانلێکەوتوو تۆمارکراون."
دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)
ئیسماعیل عەبدولعەزیز، سەرپەرشتیاری هاوکارییەکانی دەزگاکە، لە (بەرپرسیار) رایگەیاند کە جگە لە دۆزینەوەی تەرمی محەممەد رەسووڵ و رزگارکردنی خەڵک، رۆژانە دوو ژەم خواردن بۆ زیانلێکەوتووان دابین دەکەن و لیژنەی خەمڵاندنی زیانەکان کە پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی دەکات و ئەندامی ئەوانیشی تێدایە، هەموو زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکاتەوە و سەردانی هەموو ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکەن.
دەزگای ئیدریس سوورچی
بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری پڕۆگرام و پەیوەندییەکانی دەزگاکە، لە (بەرپرسیار) رایگەیاند کە زیاتر لە 100 کەسیان رزگارکردووە، شوێنی نیشتەجێبوونی کاتییان بۆ خێزانە بێلانەکان دابینکردووە و خانوویەکیشیان پێشکەش بە بنەماڵەی محەممەد رەسووڵ کردووە. هەروەها هاوکارییەکانیان بریتی دەبێت لە پاککردنەوە، دابینکردنی پێداویستیی ناوماڵ وەک بەفرگر، جلشۆر، دۆشەک و بەتانی، خواردنی گەرم، سەلەی خۆراک بۆ نزیکەی 200 خێزان.
لیژنەی تایبەتی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە سەردانیکردنی ماڵ بە ماڵی زیانلێکەوتووان بۆ تۆمارکردنی وردی زیانەکان، لە کەلوپەلی ناوماڵەوە تا دەگاتە بەڵگەنامە فەرمییەکان، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان. وەک بێستوون ئیسماعیل، گوتی، کاری تۆمارکردنی زیانەکان لە بازاڕی لەنگە، شێخ ئەحمەد و تەیراوە کۆتایی هاتووە و سبەی سەردانی گەڕەکی سێبەردان دەکەن.


.jpg&w=3840&q=75)