رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی (زیلان دەشتی) بڵاوکردەوە، کە رۆژی پێنجشەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆی سەڵاحەدین گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "خەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی (زیلان دەشتی) دەرچووی بەشی تەندروستی و زانستی ژینگە لە کۆلێجی زانستی زانکۆی سەڵاحەدین - هەولێر، کە بەداخەوە دوێنێ لە رۆژی ئاهەنگی دەرچوونیدا، گیانی لەدەستدا."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: "پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەم، خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت."
رۆژی پێنجشەممە، لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر، قوتابییەک بە ناوی زینە دەشتی، ناسراو بە (زیلان)، لە هۆش خۆی چوو و کەوتە سەر زەوی، پاشان گیانی لەدەستدا.
باوکی زیلان سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی کچەکەی رایگەیاندووە، کچەکەی بە زگماکی نەخۆشیی دڵی هەبووە و لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووە.
دیمەنی لەهۆشچوونی زیلان لەنێو رێوڕەسمی دەرچوونەکەیدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و هاوسۆزی و خەمبارییەکی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروستکرد.


