رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی 8ـی حەسارۆک لە هەولێر بێ کارەبان و دەڵێن: "تیمەکانی کارەبا کێبڵەکانیان پچڕاندووین." بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێ، ئەو خێزانانە ئامادە نین ببنە هاوبەشی فەرمی.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-11-2026 ئەمیر ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک بە رووداوی گوت: "10 رۆژە کارەبای موەلیدە و نیشتمانیشمان نییە. کارەبامان لە گەڕەکەکانی نزیکی خۆمان راکێشاوە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، زیاتر لە 200 خێزانی دانیشتووی هەشتی حەسارۆک، شارەوانی رێگەی داوە خانوو دروستبکەن، بەڵام کارەبا و خزمەتگوزاری دیکەیان نییە.
ئەمیر ئەحمەد دەڵێ: "ئێمە کارەبامان لە پێنجی حەسارۆک و دەوروبەری راکێشاوە. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا هاتن و هەموو کێبڵەکانیان پچڕاندن."
کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر لەو بارەوە بە رووداوی گوت: "هەشتی حەسارۆک چەند زۆنێکە و خەریکی دانانی تۆڕی کارەباین و بەشێکیشمان داناوە. ئەو هاووڵاتییانەی لەوێن، ئامادە نین بێن و مامەڵە بکەن."
لەبارەی هۆکاری ئەوەی دانیشتووانی هەشتی حەسارۆک ئامادە نین مامەڵە بکەن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێ، وادیارە زیاتر مەبەستیان ئەوەیە پارەی کارەبا نەدەن و هەربۆیە "نایەن مامەڵە بکەن".
کەمال عەساف دەڵێ: "هەفتەی رابردوو ئەو هاونیشتمانییانە ئاگادار کراونەتەوە کە بێن، مامەڵەکانیان بکەن و ببنە هاوبەشی کارەبا. ئەوانمان بە چەندین رێگە ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام نایەن."
سەبارەت بەوەی کە ئەگەر دانیشتوانی گەڕەکەکە ببنە هاوبەش، کەمان عەساف دەڵێ: "10 رۆژی پێ دەچێت تاوەکو کارەبا دابین دەکرێ. بەڵام ئەگەر ئەوان سەردانمان بکەن و مامەڵە بکەن، پێوەریشیان نەبێت، هاوکاری دەکرێن و کارەبایان پێدەدرێ".




