رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، کار دەکەن بۆ تێکەڵکردنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی و دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی دەڵێت، هیچ نووسراوێکیان بۆ نەهاتووە و ئێستاش لە مامەڵەکان داوای کارتی زانیاری دەکرێت.
15ی ئەم مانگە نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "وەزیری ناوخۆ نەخشەڕێگەی گەشەپێدانی باری شارستانی رادەگەیێنێت؛ کاراکردنی خێرا بۆ تێکەڵکردنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانی بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش دەکرێن بە تەواوی بکرێنە ئەلیکترۆنی".
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەواڵی هەڵوەشاندنەوە و کارپێنەکردنی کارتی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە؛ کارتی زانیاری جگە لە مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت، بۆ زۆرینەی مامەڵەی فەرمانگەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوا دەکرێت.
ئاودێر سەلیم، لێپرسراوی راگەیاندنی نووسینگەی کارتی زانیاریی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە ئێمەش لە سۆشیال میدیا بینیومانە، کارتی زانیاری وەکو خۆی وایە و ئێستاش رۆژانە هاونیشتمانییان کارت دەردەهێنن، یان مامەڵەی گواستنەوە دەکەن."
لێپرسراوی راگەیاندنی نووسینگەی کارتی زانیاریی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کارتی نوێی زانیارییان دوای ماوەیەکی زۆر لە نەمانی، بۆ چووە و ئێستا هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت سەردانیان بکات بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی کارتی زانیاری.
بۆ گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لەنێوان دوو پارێزگا هەبوونی کارتی زانیاریی ئەو پارێزگایەی فۆڕمەکەی بۆ دەگوازیتەوە مەرجی سەرەکییە، ئاودێر سەلیم گوتی: "بۆ گواستنەوەی فۆڕم دەبێت مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاری بکرێ، ناکرێت لە هەمان کاتیشدا کەسێک لە دوو پارێزگا کارتی زانیاریی هەبێت، چونکە سیستمی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە گرێدراوە."
لە 14-12-2025 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی رێکخستنەوەی کارتی نیشتمانی بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەوە کرا، کە کارتی نیشتمانی ببێتە سیستمێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان و زیادکردنی کارتی زانیاری بۆ ناو کارتی نیشتمانی، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە جیا دەربهێنرێ، بەڵام دواتر جێبەجێ نەکرا.



