رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سنووری زڕگوێزی سلێمانی دەڵێ، 24 رۆژە کارەباکەی بڕاوە و بەو هۆیەوە ناچار بووە ماڵەکەی جێبهێڵێت. گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێ، ئاگاداری کێشەکە نین و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، سەرەڕای ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەکنیکیی نییە، بەڵام 24 رۆژە کارەبای خانوو و باخەکەی لە زڕگوێز بڕاوە و بۆی چاک ناکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە کارەبای سلێمانی پێیان گوتووە کارەباکەی لە هەولێرەوە بڕاوە و لە پرۆژەی رووناکیش لە هەولێر پێیان راگەیاندووە کە تیمی تایبەت بە کارەبا سەردانی شوێنەکەیان نەکردووە.
وەک ئەو هاونیشتمانییە باسی دەکات، دواتر تیمەکان سەردانیان کردووە و پێیان گوتووە لە 24 کاژێردا کارەباکەی بۆ دەگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا بووەتە 24 رۆژ و هێشتا بێ کارەبایە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەکات، لەو شوێنە کارەبای موەلیدە نییە و بەهۆی بێ کارەباییەوە نیوەی ئەو پەلەوەرانەی بەخێوی دەکردن مرداربوونەتەوە و نیوەکەی دیکەشی بە هەرزان فرۆشتوون' ئاماژەی بەوەشکرد، ناچار بووە بچێتەوە ماڵی باوکی لە سلێمانی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-11-2026، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە کێشەکە ئاگەدار نەکراوینەتەوە. پێویستە ئەو هاووڵاتییە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیمان بکات."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن چارەسەری بکەن.




