رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، کارمەندانی هەر کۆمپانیایەک ژمارەی کەسیی بێهاوتا )یو پی ئێن) یان بۆ دروست نەکرێ، کۆمپانیاکان ئەستۆپاکییان بۆ ناکرێ و کارەکانیان رادەگیرێ.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی گشتاندنی 15977 لە 22-10-2026 کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرچووە، تاوەکو 31-01-2027 هەر ژمارەی کەسیی بێهاوتا بۆ کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت دروست نەکرێ، ئەوە کۆمپانیاکە مامەڵەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دەوەستێت و نووسراوی ئەستۆپاکی پێ نادرێ."
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دروستکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا لە چوارچێوەی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانە بۆ پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی کارەکانمان."
بەگۆک گوتی: "پێویستە هەموو خاوەنکاران ئەو یو پی ئێنـە بۆ کرێکارەکانیان دەستەبەربکەن لە رێگەی ئاگادارکردنەوەیانەوە، دوا کاتیش 31ی مانگی یەکی ساڵی داهاتووە و پێویستە خاوەنکاران پابەند بن بۆ ئەوەی هەموو کارەکانیان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە بێت."
لە راگەیێندراوەکەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا هاتووە، هەبوونی یو پی ئێن بۆ ناسنامەی ئەلیکترۆنیی کارمەند و کرێکارانە بۆ زانینی ساڵانی ئەرک و خزمەتیان و رێژەی مووچەیان لە داهاتوودا.
زیاتر لە 315 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەریان بۆ کراوە و بڕیارە دوای خانەنشینبوونیان مووچە وەربگرن، کە تاوەکو ئێستا 1015 کرێکاری خانەنشین مانگانە مووچە وەردەگرن.



