رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەهۆی کێشەی خاوەندارێتی و کێڵانی زەوییەوە شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا روویدا و لە ئەنجامدا باوکێک کوژرا و کوڕەکەشی بە سەختی بریندار بوو.
رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی کێشەی خاوەندارێتی و کێڵانی زەوییەوە، لە گوندی (کونە رێوی)ی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک، کێشە لە نێوان دوو خێزاندا دروستبوو کە لایەنێکیان کوردن و ئەوەی دیکە عەرەبە و هەردووکیان دانیشتووی گوندەکەن."
رووداوەکە نزیک کاژێر 04:00ـی ئێوارە روویداوە. عامر شوانی گوتی: "باوکەکە کە لەدایکبووی ساڵی 1966ـە، گیانی لەدەستداوە و کوڕەکەشی کە لەدایکبووی ساڵی 1996ـە، بە سەختی بریندار بووە و گوللـە بەر قاچی و سنگی کەوتووە؛ ئێستا تەندروستیی باش نییە و لە نەخۆشخانەیە."
سەبارەت بە رێکارەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند: "تۆمەتباری رووداوەکە ناسراوەتەوە، تیمەکانمان بە دوایدا دەگەڕێن و بە زووترین کات دەستگیر دەکرێت."




