رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی کۆمەڵگەی بازەلان لە سنووری قەزای سێمێل، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەوە لەگەڵ ئاوی پیس و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، رووبەڕووی مەترسیی تەندروستی بوونەتەوە و بەشێک لە خەڵکەکە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکەش دان بە کەموکوڕییەکاندا دەنێن و دەڵێن، پلانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.
کۆمەڵگەی بازەلان، کە دەکەوێتە سەر رێگەی دهۆک-مووسڵ و سەر بە ناحیەی فایدەیە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 7 هەزار کەسن. کێشەی سەرەکییان نەبوونی تۆڕی ئاوەڕۆیە، کە وایکردووە ئاوی پیس لەنێو کۆڵانەکاندا کۆببێتەوە و بۆنێکی ناخۆش بڵاوبکاتەوە.
جومعە کرێت، یەکێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی: "زیاتر لە شەش ساڵە لێرە دەژیم، بەڵام دۆخەکە وەک خۆیەتی. بۆڕیی ئاوی خواردنەوە بەنێو ئاوەڕۆدا دەڕوات و ئاوی پیس تێکەڵ بە ئاوی پاک دەبێت و دەچێتە نێو تانکیی ماڵەکانمان. ئەمە مەترسییەکی گەورەی تەندروستییە."
ئەم دۆخە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا. حوسام تەها، دانیشتوویەکی دیکەی بازەلان، دەڵێت: "هەفتە نییە منداڵێک بەهۆی نەخۆشی و بۆنی پیسەوە نەبەینە نەخۆشخانە."
خراپیی رێگەوبان و کەمیی خزمەتگوزارییەکان کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانە و بازاڕی کۆمەڵگەکەش داناوە. یەکێک لە دانیشتووان دەڵێت: "بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە، خەڵک کۆمەڵگەکە چۆڵ دەکەن. دەرمانخانە، ئارایشتگە و دووکانەکانیش یەک لەدوای یەک دادەخرێن."
بەرپرسانی حکومی دان بەوەدا دەنێن کە کۆمەڵگەکە پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاترە. عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە، لە (بەرپرسیار) گوتی: "بازەلان پێشتر گوند بوو و بە خێرایی فراوان بووە. چەندین پڕۆژەی بۆ جێبەجێ کراوە، وەک گەیاندنی هێڵی سەرەکیی ئاو و قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی و چەند کۆڵانێک، بەڵام کێشەی ئاوەڕۆمان هەیە، چونکە زەوییەکان کشتوکاڵین و خانووەکانیش بە شێوەی زێدەڕۆ دروستکراون."
محەممەد رەمەزان، سەرۆکی شارەوانیی فایدە، لە (بەرپرسیار) ئاماژەی بەوە کرد، خانووەکانی بازەلان تاپۆ نین و ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردوون. گوتیشی: "ئەوەی بۆ بازەلان کراوە بەس نییە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە کاری زیاتر بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ قیرتاوکردنی 1.5 کیلۆمەتر بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار پەسندکراوە."
سەرۆکی شارەوانیی فایدە دەشڵیت: "بەرنامە هەیە بەشێک لەو زەوییانەی لە سنوورەکە دابەشکراون بفرۆشرێن و داهاتەکەی 100٪ بۆ پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە بازەلان خەرج بکرێت و گەشبینین لە ساڵی 2027 کاری زیاتریان بۆ بکەین."


