سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، دادوەری، ئەمنی و تەکنیکیی دەرکرد، کە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و مەدەنی، پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان و گرتنەبەری رێکاری نوێ بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لەلایەن سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوە، عەلی فالح زەیدی، لە سۆنگەی ئەو بنەمایەی کە "سەروەریی نیشتمانی دابەش ناکرێت و پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی چارەنووسسازە بۆ دانانی سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەموو جۆرەکانی قاچاخچێتی"، ئەو بڕیار و رێکارانەی دەرکردووە.
بڕیارەکانی زەیدی
بڕگەی سێیەمی بڕیارنامەکەی عەلی زەیدی، پەیوەستە بە رێکارە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکان و هاتووە:
- ئاراستەکردنی رێنمایی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ رەزامەندییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، بۆ رێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان.
- وەرگرتنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە.
- راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا) کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان.
بڕگەی چوارەم، تایبەتە بە رێکارە ئەمنی، سەربازی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و تێیدا هاتووە:
- فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ئەرکی داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەگرێتە ئەستۆ، بە دەروازەکانی نێو هەرێمی کوردستانیشەوە.
- راسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی هەردوو لیوای (یەکەم و دووەمی) ئەرکی هاوبەش سەرجەم رێگە خۆڵ و لاوەکییەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک و نەینەوا) لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابخەن.
- راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ گرتنەدەست و پاراستنی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریکردنیان بە کامێرا، بەو کێڵگانەشەوە کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی حکومەتی فیدراڵی و لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان.
ئەم راگەیێندراوە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی نیگەران کرد و بە "زمانی سەربازی" هەژماریان کرد.
سەرۆک بارزانی: هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك
سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی پێشهاتەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەموومان وامان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق رێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و رۆژ لەدوای رۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی رزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان."
سەبارەت بە حكومەتی نوێی عێراق سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە، هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆیان بۆ عەلی زەیدی راگەیاند لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەیان ئەنجامداوە، "ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لە دژی هەرێمی کوردستان و رۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاودەكرێتەوە، پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت."
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، "ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە رێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لەڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەك دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرن، "لەو وڵاتەی بۆ رزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی رەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی كوردستانی عێراق "لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی رەوای خۆیەتی. هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك."
نێچیرڤان بارزانی: بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن بە زمانی سەربازی رەتدەکەینەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی رەت دەکەینەوە. ئهزموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازه هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە."
لە راگەیێندراوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕاى پشتیوانی له پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چارهسهركردنى كێشهكان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێكگهيشتن بێت."
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "لەم قۆناخە هەستیارەدا، جەخت لە گرنگیی تهبايى و یەکڕیزیی کوردستانی دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و رێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە."
مەسرور بارزانی لەبارەی بڕیارەکانی زەیدی: بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەن ناکۆکییە نێوخۆییەکان وەلاوە بنێن و هەمووان ببنە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، دادوەری، ئەمنی و تەکنیکیی دەرکرد، لەنێویاندا گرتنەبەری رێکاری نوێ بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قسەکانی زەیدییەوە گوتی: "ئێمە ماوەیەکە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین، گفتوگۆکانمان دەبێت لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، ئێمە ئەرک و مافی دەستووریمان هەیە، داوای مافەکانی خۆمان دەکەین و دەبێت هەموویان بەگوێرەی پێویست جێبەجێ بکرێن، ئەوەشی لەسەر شانی ئێمە ئەرکە بێگومان جێبەجێیان دەکەین؛ بەدەر لە دەستوور [هیچ شتێک] لای ئێمە قبووڵ نییە."
لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، "ئاراستەکردنی رێنمایی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ رەزامەندییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.. وەرگرتنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە.. راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا) کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە تووشی سەرسووڕمان بووین بەو بەیانەی کە ئەمڕۆ دەرچووە، چونکە ئەمە لەگەڵ نێوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ناگونجێ کە پێشتر لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا هەمانبووە؛ شاندیشیان هاتوونەتە لای ئێمە و پەیامی جیاتریان گەیاندووە، کە بەرەو ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بووە؛ ئەوەی ئەمڕۆ کراوە بەڕاستی جێگەی سەرسووڕمانە و بە هیچ جۆرێک جێگەی قبووڵ نییە."
مەسرور بارزانی لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە ئامادەیە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بکات بەگوێرەی دەستووری عێراق.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "دەرگەی گفتوگۆمان دانەخستووە و پێمانوایە هەموو شتێک دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ، بەڵام گفتوگۆکان لەسەر بنەمای دەستوور بن، لەسەر بنەمای تاکەکەسی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان هیچ ناکرێ؛ من داوام وایە، هەم بەغدا و هەم هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆک بن، کە لەسەر بنەمای دەستوور قسەی پێویست بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بگەین بە رێککەوتن."
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، "بە هیچ شێوەیەک کرداری نادەستووری لای هەرێمی کوردستان پەسندکراو نییە، ئەگەر لەسەر بنەمای دەستوورە دەرگە کراوەیە بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر هەموو پرسەکان."
بافڵ تاڵەبانی: پابەندین بە پاراستنی شکۆ و خاک و پێگەی دەستووریمان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبارەی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم قۆناخەدا "دەبێت دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەروو هەموو شتێکەوە بن."
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، "ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبنەوە، تەنها لە رێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دەکرێت و پێویستە چارەسەر بکرێن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی سەخت بەدەستهاتوون، و جەخت لە پابەندبوونی تەواومان دەکەینەوە بە پاراستنی شکۆ و خاک و پێگەی دەستووریمان هەر کاتێک پێویست بکات."
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: ناکۆکییەکان بە دەستوور چارەسەر بکرێن
ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووکان، لەبارەی ئەگەری نێوەندگیریی لەنێوان هەولێر و بەغدا، وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دایەوە و گوتی، "وەک هەمیشە، دەرگای نێوەندگیریی سکرتێری گشتی هەمیشە کراوەیە، ئەگەر هەردوو لایەنی پەیوەندیدار داوای بکەن."
دوژاریک ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا گرنگە ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی ئەو پێکهاتە دەستوورییانەوە چارەسەر بکرێن کە ئێستا هەن."
پەرلەمانی کوردستان: بەغدا پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا بڵاوکردەوە، تێیدا جگە لەوەی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە، دەشڵێت، "هەر رێکارێک لە دەرەوەی ئەو رێگایانەی دەستوور دیاریی کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لەنێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا. هەروەها گیانی هاوبەشی و رێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. ئەم جۆرە رێکارانە لەجیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسییەوە."
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکییەک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا لەڕێگەی دەقەکانی ئەو دەستوورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاریی کردوون، نەک لەڕێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاكلایەنە." هەروەها داواش لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، "گفتوگۆی راستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستوور بکەنە بنەمای رێگەی چارەسەر."
محەممەدی حاجی مەحموود: هێزی حیزبەکەمان بۆ بەرپەرچدانەوەی عێراق ئامادەیە
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رەخنە لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، پارتی و یەکێتی بەبێ مەرج پشتیوانیی عەلی زەیدییان کردووە و دەبوایە پێشتر بزانن چیی بۆ کورد پێیە. هۆشداریش دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، هەر کەسێک روو لە کوردستان بکات، ئەنجامی لەوانەی پێش خۆی باشتر نابێت.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "هەردوو حیزبە بە دەسەڵاتەکانی کوردستان پارتی و یەکێتی بەبێ شەرت و مەرج پشتگیری و پشتیوانیی عەلی زەیدییان کرد، دەبوایە لەگەڵی دانیشتبان بزانن چیی پێیە بۆ کورد ئینجا پشتیوانیی بکەن، کە ئەمە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە."
"ئامۆژگارییەک بۆ عەلی زەیدی"
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رووی دەمی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "ئامۆژگاریی عەلی زەیدی و ئەوانەی دەوروبەری دەکەم کە بیربکەنەوە و سەیری رابردووی خۆیان بکەن لە عێراقدا، ئەوانەی دژی کورد بوون چییان بەسەرهات و بۆ کوێ رۆیشتن؟ ئەگەر عەلی زەیدی عاقڵ و ژیر نەبێت، عاقیبەتی لەوان باشتر نابێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەدی حاجی مەحموود باسی لە پێگە و مێژووی کورد کرد و گوتی: "کورد زیاتر لە 50 ملیۆنە. کورد ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەی لەبن نەهاتووی هەیە کە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانە. کورد بۆ ئەنفال تەنازوولی نەکرد، کیمیایی لێدرا، وڵاتەکانمان وێران کرا لەلایەن عەرەبەکانەوە، ئەوەی لە دەستیان هات بەرامبەر خەڵکی کوردستان کردیان. ئێستا کەسێکیان هێناوە تەمەنی کەمە، پێویستە مێژوو بخوێنێتەوە تاوەکو بزانێت ئەوانەی پێش ئەو چییان لێهات و لە کوێن. بۆیە من جارێکی دیکە ئامۆژگاریی دەکەم هەر کەسێک روو لە کوردستان بکات، نەتیجەی لەوانی دیکە باشتر نابێت."
حیزبی زەحمەتکێشان: بە یەکگرتوویی بەرەنگاری هەر پێشهاتێک ببنەوە
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاوکردەوە و گوتی، "راگەیێندراوی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو ئاراستە سیاسییەی لە عێراقدا بەرانبەر بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێت، خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و سەقامگیریی سیاسی ناکات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی ئەو حیزبەدا هاتووە، "هەر بڕیار و یاسایەک لە دەرەوەی تایبەتمەندیی دەسەڵاتی فیدراڵی بێت و پێشێلی تایبەتمەندی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بکات، پێچەوانەی دەستوورە. بۆیە پێویستە هەموو کێشەکان بە دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر بکرێن."
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داوا دەکەین هەموو لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی دەستوور بە یەکگرتوویی بەرەنگاری هەر پێشهات و پێشێلکارییەک ببنەوە کە لە مافەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کەم دەکاتەوە."
پەرلەمانتارێک: پلانی زەیدی بۆ دوای جورف سەخر، هەرێمی کوردستانە
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "ئەمە پلانی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، پێش چەند رۆژێک لێژنەیەکیان ناردە هەرێمی کوردستان و راپۆرتەکانی لەبارەی دەروازەکان و بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، بەڵام دیارە حکومەتەکەی زەید پلانێکی هەیە لە دوای جرف سەخر هەمان پلان لە کوردستانیش جێبەجێ بکەن."
دووبەردانی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریشە لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو پەیامەی کە گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق خوێندییەوە ئاماژەی بەوەکرد، "لەبەرئەوەیە کە هەموو پلانەکان بە سەربازی جێبەجێ کراون."
گوتیشی: "دوو راپۆرت بڵاوکراونەتەوە، یەکێکیان لەسەر جورف سەخرە کە واژۆی وەزارەتی بەرگریی لەسەرە و فەرمییە، بەڵام راپۆتی دووەم لەسەر کەرکووک و هەرێمی کوردستان، هیچ رووپۆشێکی فەرمیی نەبووە، واژۆی وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگریی لەسەر نییە، واتە ئەو راپۆرتە بە دەست دروستکراوە و وەکو پەڕەیەکی وۆرد بە کەیفی خۆیان وشە و وێنەیان ریز کردووە.
"کاک رێبوار هادی، وەکو سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئەو راپۆرتە هیچ مۆر و واژۆی لەسەر نییە؟ لە وەڵامدا گوتیان: بابەتەکە نەکرێتە سیاسی و بەو جۆرە نییە کە بیری لێدەکەنەوە."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دۆسیەکانی هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی لەبارەی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتیی نەوت" رادەگەیێنێت و دەڵێ، بە پشتبەستن بە مادەی 27ی دەستووری عێراق کە سامانی گشتی بە پیرۆز دەزانێت، چوارچێوەکە پشتیوانی لە رێکار و بڕیارەکانی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت، پاراستنی سامانی نیشتمانی و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو هەنگاوانە بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" دادەنێت لە رێڕۆی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەم و تێوەگلاوان، هاوکات پێداگری دەکات لەسەر تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە رێگەی لایەنە دادوەری و چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە و گەرەنتیکردنی ئەوەی هیچ لایەن و کەسایەتییەک لە لێپرسینەوە دەربازی نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جەخت لە گرنگیی رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و دەروازە سنوورییەکان دەکەینەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، هەروەها چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکان بپارێزێت و یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانی مسۆگەر بکات."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە سەرجەم هێزە سیاسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات، پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت بکەن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. دەشڵێت: "پاراستنی سامانی عێراق بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانیی هاوبەشە و سامان و تواناکانی عێراقییەکان هێڵی سوورن و سازشیان لەسەر ناکرێت."



