رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو بڕیارانەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەریکردوون.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە و دیاریکردنی رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو بڕیارانە.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رۆژی 24-11-2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەبارەی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند.
راگەیێندراوەکە کاردانەوەی تووندی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتیش بڕیارەکانی بەغدایان بە پێچەوانەی دەستوور وەسف کرد.




