رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر بانگەوازێک ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە دەکات بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی سبەی پێنجشەممە بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان؛ جەختیش دەکاتەوە کە تەنیا ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە و مۆڵەتیش دەدرێتە فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ بەشداریکردن.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بانگەوازێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستی مەردانەی ئێوەی دڵسۆز هەیە. لەپێناو پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکە پیرۆزەکەی، سبەی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، کاژێر 10:30ـی بەیانی لە باخی شار (نزیک قەڵای سەربەرزی هەولێر)، گەورەترین گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری و نیشتمانی سازدەکرێت."
پارێزگاری هەولێر داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابییان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ژنان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بە جۆش و خرۆشێکی کوردانەوە بەشدارییەکی فراوان و کارایان هەبێت، "بۆئەوەی پەیامێکی روون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیێنینە هەموو جیهان."
سەبارەت بە رێنماییەکانی گردبوونەوەکە، ئومێد خۆشناو جەختی کردووەتەوە: "لەم گردبوونەوەیەدا تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزدەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حیزبی یان تایبەت رێگەپێدراو نییە، چونکە سبەی رۆژی کوردستانە و هەموومان لەژێر سایەی یەک ئاڵادا کۆدەبینەوە."
لەبارەی دەوامی فەرمیی سبەی پێنجشەممەشەوە، پارێزگاری هەولێر روونیکردووەتەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان ئاسایی دەبێت بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، "بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تاوەکو بتوانن بەشداری لەم ئەرک و هەڵوێستە نیشتمانییەدا بکەن."



