رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە ئۆڵۆمپیادی گەلانی جیهان لە وڵاتی رووسیا بەشداریی کردووە و دەڵێ، لەسەر سەکۆی چالاکییەکە وەکو قسەکەر گوتوویەتی، شانازی دەکات کە کوردە و لە هەولێرەوە بەشداریی کردووە.
ئارام محەممەد، پەرستارە و ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: وەکو تاکە کورد لە شەشەمین (ئۆڵۆمپیادی گەلانی جیهان و کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی تەندروستی و وەرزش) لە سەینت پێترسبۆرگی رووسیا بەشداریم کرد، کە شەش هەزار وەرزشڤانی 30 وڵات تێیدا بەشداربوون.
ئارام گەنجێکی کوردە و دانیشتووی شاری هەولێرە، وەکو خۆی باسی دەکات، پێشتریش بۆ کۆڕبەندەکانی تایبەت بە پزیشکی و تەندروستی بەشداری چەندین کۆڕی لە وڵاتانی جیاواز کردووە.
شەشەمین ئۆڵۆمپیادی گەلانی جیهان و کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی 'تەندروستی و وەرزش'، لە 21 و 22ی ئەم مانگە لە یاریگای (Gazprom Arena) لە سەینت پێترسبۆرگی رووسیا بەڕێوەچوو.
ئارام محەممەد گوتی: "من بە نووسراوی فەرمیی رێکخراوی (RUSSPORT) و جێگری پارێزگاری سەینت پێترسبۆرگ، بە فەرمی وەک قسەکەری نێودەوڵەتی بانگهێشت کرابووم و لەوێش گوتاری خۆمم پێشکێش کرد".
ئەو گەنجە وەکو پەرستارێکی مۆڵەتپێدراو (LPN) و نوێنەری نێودەوڵەتیی تەندروستی لە هەولێرەوە بەشداری کردووە و دەڵێ، "لەسەر سەکۆی سەرەکی شانبەشانی شەش پزیشکی پسپۆڕی رووسی لەسەر رۆڵی میدیای دیجیتاڵی لە هاندانی گەنجان بۆ وەرزش و ژیانێکی تەندروست، گرنگیی ئامێرە پزیشکییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی لە کەرتی تەندروستیدا قسەم کرد. هەروەها بەشداریم کرد لە راهێنانی فریاگوزاریی سەرەتایی و بووژاندنەوەی دڵ".
لە بەشێکی گوتارەکەیدا لە چالاکییەکەدا ئارام محەممەد گوتوویەتی: "یەک مۆبایل، یەک ڤیدیۆ، یەک گەنج کە بڕیار دەدات بجووڵێت؛ ئەمەیە هێزی میدیای دیجیتاڵی بۆ تەندروستی. سڵاو لە هەولێر و کوردستان؛ من کوردم و شانازی دەکەم لێرەم، لە ئۆڵۆمپیادی گەلانی جیهان".
بەبۆنەی بەشداربوونی لە ئۆڵۆمپیادی گەلانی جیهان لە رووسیا، ئارام محەممەد بڕوانامەی پێ بەخشراوە.



