رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخواز رایدەگەیێنێت "کێشەی جیدی" هەیە لە پرۆسەی دەنگدان و هەر بەو بۆنەیەشەوە سکاڵای تۆمارکردوە. ناوەندەکە دەڵێت کە لە سەرانسەری ئێران راپۆرتیان بەدەست گەیشتووە لەسەر گرفت لە پرۆسەی دەنگداندا.
بەڵام عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە رۆژنامەڤانانی گوت دەنگدان لە هیچ بنکەیەک نەوەستاوە. فەزڵی دەڵێت لە هەموو ئێراندا 70 هەزار بنکەی دەنگدان هەن و لەوانەیە لە چەند شوێنێک کێشەی کارەبا یان کێشە لە ئامێری دەنگدان هەبێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک پرۆسەکە نەوەستاوە.
"لەهیچ بنکەیەک لە کاژێر حەوتی بەیانی تائێستا پرۆسەی دەنگدان رانەوەستاوە،" ئاژانسی فەرمی ئیرنا لە زاری وەزیری ناوخۆوە رایگەیاند.
لە پارێزگای قوم بەهۆی چەند کێشەیەکەوە بۆ ماوەیەکی کاتی لە چەند بنکەیەک پرۆسەی دەنگدان وەستاوە، کە گرفتەکە بەهۆی گۆڕینی کۆدی ئامێری دەنگدانەوە بووە، بەڵام بە گوتەی بێژەن سولەیمانپوور، بەرپرسی یەکەمی ئەمنی و سیاسی ئەو پارێزگایە "کێشەکە چارەسەر بووە".
ناڕەزایی ناوەندی هەڵبژاردنی رەئیسی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە کاتێکدایە کە رەئیسی بەهێزترین بەربژێری ئەو هەڵبژاردنەیە و بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هەشتەم سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەرپرسانی پلە باڵای ئێران لە بەرەبەیانەوە چوونە بنکەکانی دەنگدان و دەنگیان دا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە یەکەم کەس بوو لە نێوخۆی ئێران دەنگی دا، داوای لە خەڵک کردووە کە بەشداری پرۆسەکە بن.
عەزیز جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تاران دەنگی دا و رایگەیاند لە چوار دەیەی رابردوودا ئێرانییەکان بەرانبەر هەموو جۆرە گوشارێکی سیاسی و ئابووری بەرگریان کردووە.
سەبارەت بەو کەسانەی دەنگ نادەن، ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران گوتی: "خەڵک مافی خۆیانە بتۆرێن، چونکە دەکرا لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا کێشەکانیان چارەسەر بکرێن". وەک ئاماژەیەک بۆ حکومەتی حەسەن رووحانی. جەعفەری دەڵێت: "خەڵک بێزار بوون، کە بەشێکی خەتای خۆیانە، چونکە لەم هەشت ساڵەی رابردوودا دەنگیان بە کەسێکی شایستە نەداوە".
عەبدولناسر هیممەتی، تاکە بەربژێری ریفۆرمخواز دوای دەنگدان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە کۆتایی بە پەراوێزخستنی ئێران لەلایەن بیانییەکانەوە دێنین. خەڵک مافی خۆیانە لە ئاسایش و خۆشی و ئاشتیدا بژین". گوتیشی: "بژێوی خەڵک کاری لە پێشینەمانە".
پرۆسەی دەنگدان بەگشتی بەبێ کێشەی ئاسایشی بەڕێوەچووە، تەنیا لە پاریزگای گیلان لە باکووری ئێران، پۆلیس رۆژی پێنجشەممە 27 کەسی دەسبەسەر کردووە، چونکە بە گوتەی پۆلیس ئامانجی بووە دەستوەردان لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن. پۆلیسی ئەو پارێزگایە ئاماژەی بە جۆری دەستوەردانەکە نەکردووە.
نزیکەی 60 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام پێشبینییەکان دەڵێن کە ژمارەی بەشداربووان زۆر کەمتر دەبێت لە چاوی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دەزگایەکی راپرسی لە ناوخۆی ئێران پێشبینی کردووە رێژەی بەشداربووان لە دەنگدان 40٪ بێت.
پرۆسەی دەنگدان لە ئێران لە کاژێر 7:00ی بەیانی بە کاتی تاران دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 12 شەو بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە تاوەکو 2:00ی بەرەبەیان درێژبکرێتەوە.
نزیکەی 500 رۆژنامەڤانی بیانی لە 226 میدیا لە نێوخۆی ئێران رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکەن. بەڵام مۆڵەت نەدرایە تۆڕی میدیایی رووداو لە نێو ئێران رووماڵی هەڵبژاردنەکە بکات.



.jpg&w=3840&q=75)